قەسەدە: هێرشەکە لە لایەن میلیشیاکانەوە ئەنجامدراون

ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی قەسەدە ڕایگەیاند هێرشە درۆنیەکانی سەر دێرەزور، لە لایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە ئەنجام دراون، کە لە ئەنجامدا ٦ شەڕڤانی قەسەدە شەهید بوون.

هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) سەبارەت بە هێرشەکانی ئەم بەیانییەی سەر ئەکادیمیایی پەروەردەیی هێزەکانی کۆماندۆس لە دێرەزور، زانیاری نوێی بڵاوکردەوە.

قەسەدە ئاماژەی بەوەکردەوە؛ هێزە میلیشیاکانی سەر بە ئێران بەرپرسیاری هێرشەکەن.

ناوەندی ڕاگەیاندنی قەسەدە لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەیدا دەڵێت: "لە لێکۆڵینەوەی هێزەکانمانەوە، ئەوە دەرکەوت، ئەم هێرشە لە لایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە ئەنجام دراون، کە لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی شام دان".