شاندێکی ئەمریکی سەردانی باکوور – رۆژهەڵاتی سوریایان کرد

شاندێک لە بەڕێوەبەرانی ئەمریکا سەردانی باکوور – رۆژهەڵاتی سوریایان کرد. شاندەکە لەگەڵ بەرپرسانی قەدەسە و مەسدە و ریشسپییانی رەقادا کۆبوونەوە.

جۆی هود جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و شاندێکی پایەبەرزی ئەمریکی دوێنێ سەردانی باکوور – رۆژهەڵاتی سوریایان کرد.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی سەردانی شاندەکە راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەگەڵ جۆی هود جێگری وەزیری دەرەوە، ئەیمی کۆترۆنا جێگری نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا، جێگری نوێنەری کاروباری سوریا دەیڤید براونستین، بەڕێوەبەری عێراق و سوریا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا و کۆشکی سپی زەهرا بەل ئامادە بوون.  

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، شاندەکە چاوپێکەوتنی لەگەڵ بەرپرسانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە)، ئەنجوومەنی سوریای دیموکراتیک (مەسەدە) و ریشسپییەکانی رەقادا کردووە و راشیگەیاندووە، "جێگیری راوێژکاری بابەتی هەماهەنگی لە هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی دژ بە داعش، لەبارەی هاوکارییەکان لەو بوارەدا بۆ بەردەوامیی ئارامیی باکوور – رۆژهەڵاتی سوریا و تێکشاندنی پاشماوەی داعشەکان و لە بابەتی رادەستکردنی هاوکارییەکان بۆ ئارامیی هەرێمە رزگارکراوەکان، پێداگری و بە بڕیاربوونی خۆی دووبارە کردووەتەوە".

لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، هود باسی ئەوەیکردووە، کە پەیوەستە بە کاری چارەسەری سیاسی لە سوریا و هاوکاریی مرۆیی بۆ سوریا بەردەوامیی دەبێت.

مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی قەسەدە لەسەر ئەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر لەوبارەیەوە رایگەیاند، لەگەڵ شاندێکی ئەمریکیدا کۆبوونەوەیەکی بونیاتنەریان بەڕێوەبردووە.

عەبدی راشیگەیاندووە، "ئەوە دەستنیشانکرا، کە هێزەکانی هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی بۆ سەرکەوتن بەسەر پاشماوەکانی داعش و بۆ پشتیوانی لە ئارامی و بەهێزکردنی خۆبەڕێوەبەریی خۆسەر لە ناوچەکەدا دەمێننەوە".

ژ.ت