شەهیدانی کۆمەڵکوژی پاریس بە مەراسیمێکی جەماوەری لە کۆبانێ یادیان کرایەوە

دانیشتوانی هەرێمی فورات بە رێپێوانێکی جەماوەری شەهیدانی کۆمەڵکوژییەکانی پاریسیان بە بیرهێنایەوە و رایانگەیاند، "تێکۆشانی ئازادی سەکینە و ئەڤینەکان گەورەتر دەکەین".

کۆمەڵکوژییەکانی ٩ی کانونی دووەمی ٢٠١٣ و ٢٣ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢ کە لە ئەنجامیاندا شۆڕشگێڕانی کورد بە شێوەیەکی دڕندانە تیرۆرکران، لەلایەن دانیشتوانی هەرێمی فوراتەوە شەرمەزار کران.

لە ١٠هەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی ٩ی کانونی دووەم بە هەزاران کەس لە کۆبانێ کۆبوونەوە و بۆ یادی سەکینە جانسز (سارا)، فیدان دۆغان (رۆژبین) و لەیلا شایلەمەز (رۆناهی) خۆپیشاندانیان ساز کرد.

جەماوەرەکە لە گۆڕەپانی ژنی ئازاد دەست بە رێپێوانەکە کرد و تا گۆڕەپانی ئاشتی بە وێنەکانی شەهیدانی کۆمەڵکوژی پاریس رێپێوانیان کرد. لە چالاکییەکەدا دروشمەکانی "شەهید نامرن" و " ژن، ژیان، ئازادی" وترانەوە.

دوای رێپێوانەکە گردبوونەوەیەک لە گۆڕەپانی ئاشتی ساز کرا. لەپاش خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزلێنان لە شەهیدان، ئەندامی بەڕێوەبەری کۆنگرەی ستار لە هەرێمی فورات ئەمینە بەکر قسەی کرد.

ئەمینە بەکر باسی لەوەکرد کە سەکینە جانسز بۆ ئەوەی کۆیلایەتی باوکسالاری لەسەر ژنان هەڵبگرێت و ئازادی ژن مسۆگەر بکات، بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە خۆڕاگری کرد و تێکۆشا، باسی لەوەشکرد، "ئەوەتا ملیۆنان مرۆڤ لەسەر رێبازی سەکینە و هاوڕێیانی ئەودان".

لە گۆڕەپانی گردبوونەوەکە بێ پسانەوە دروشمەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" و "شەهید نامرن" دەوترانەوە.

هـ . ب