تەرمی شەڕڤانی قەسەدە ئەلعەساف بەخاکسپێردرا

تەرمی شەڕڤانی قسەدە عەساف محەمەد ئەلعەساف کە ٢٠ ی ئاداری ٢٠٢٤ شەهید بوو، لە ڕەقە بەخاکسپێردرا.

تەرمی شەڕڤانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) عەساف محەمەد ئەلعەساف کە ٢٠ ی ئاداری ٢٠٢٤ شەهید بوو، لە گوندی حکومیەی باکوری ڕەقە بەخاکسپێردرا. خەڵکی کانتۆنی ڕەقە، ئەندامانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی کانتۆنەکە، مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان، کۆمەڵەی ژنانی زنوبیا و مەجلیسی سەربازی ڕەقە، بەشداری مەراسیمەکە بوون.

لە مەراسیمەکەدا، ئەندامی مەجلیسی سەربازی ڕەقە، مەردەم مەحمود گوتی: "شەهید عەساف لەپێناو خاک و شەرەفدا چووە کاروانی شەهیدانەوە. ئێمەش بە شەهید عەساف و تەواوی شەهیدان دەڵێین، تا ڕزگارکردنی دوا بستی خاکەکەمان، لەسەر ڕێگەی ئێوە دەبین".

هاوسەرۆکی مەجلیسی بەڕێوەبەری کانتۆنی ڕەقە، هێڤین ئیسماعیل گوتی: "دوژمن هەوڵدەدات کوڕ و کچانمان بە فڕۆکە بکاتە ئامانج، بەڵام ناتوانێت ئیرادەمان بشکێنێت. چونکە ئێمە هێزەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریاین، عەرەب و ئەرمەن و سوریان و کوردانی هەرێمەکە یەکمان گرتووە، ئەمەش نیشانەی هەبوونمانە لەم جێگە پیرۆزە".

هاوسەرۆکی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان ئەحمەد ئەلحەمود ناسنامەی شەهیدی خوێندەوە و ڕادەستی بنەماڵەکەی کرد.