ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری: پشتگیری لە بەرخۆدانی مەخمور دەکەین

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دووپاتی دەکاتەوە، هەوڵەکان بۆ سەپاندنی گەمارۆ بە زەبری چەک لەلایەن سوپای عێراقەوە، ڕێکارێکە دژی بەها و ئەخلاقی پاراستنی کەمپ و پەنابەران.

ئەمڕۆ، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەسەر پێگەی فەرمی خۆی ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە سەبارەت بە هەوڵەکانی سوپای عێراق بۆ تەلبەندکردنی کەمپی مەخمور و دانانی قولەی چاودێری.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە:

«لەگەڵ ئەو ڕەوشە دژوارەی پەنابەرانی کەمپی مەخمور تێیدا دەژین، لەگەڵ ئێش و ئازار و هەڵهاتن لە ستەم و نادادی دەوڵەتی تورکی، لەم کاتژمێرانەی دوایین، ڕەفتارەکانی حکومەتی عێراق ئێش و ئازاری نیشتەجێیانی کەمپەکەی زیاتر کرد.

هێرشەکان بۆ سەر کەمپی مەخمور و هەوڵەکان بۆ سەپاندنی گەمارۆ بە زەبری چەک، ڕێکارێکە دژی بەها و ئەخلاقی پاراستنی کەمپ و پەنابەران. نیشتەجێیانی کەمپەکە کەسانی سڤیل و پەنابەرن، کەمپەکە لەژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکاندایە، کەچی ساڵانێکە لەژێر گەمارۆدایە. ساڵانێکە حکومەتی بەغداد هەلومەرجی سەخت بەسەریاندا دەسەپێنێت و گەمارۆی لەسەریان توند کردووە، بێجگە لەوەی پێشوەختە ڕەوشەکەیان سەخت و نالەبارە. دەبوو حکومەتی عێراق داواکارییە مرۆییەکانی نیشتەجێیانی کەمپەکە فەراهەم بکات، نەوەک هێزی سەربازی لەدژیان بەکاربهێنێت، ئەم ڕێکارەی حکومەت نەشیاوە و ناکۆکە لەگەڵ بەها و پێوەر و یاساکانی پاراستنی پەنابەران. وەک دەزانرێت گەلی عێراق بەدەست کۆچبەرییەوە ئازاری زۆری چەشتووە. هێشتاش هەزاران عێراقی لە کەمپەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری نیشتەجێن. بەڵام بەرپرسیارێتی پاراستن و فەراهەمکردنی پێویستییەکانی ژیان دەکەوێتە ئەستۆی دەسەڵات و حکومەتە خۆجێیەکان.

دووپاتی دەکەینەوە، ئێمە لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پشتیوانی پەنابەرانی کەمپی مەخمور دەکەین، لەگەڵ ئێش و ئازار و ڕەوشە دژوارەکەیان هاوسۆزین، وەک پشتیوانی و هاوسۆزیمان بۆ هەموو پەنابەرێک لە هەر جێگەیەک بن. دووپاتی دەکەینەوە، پەنابەران خاوەن مافن و نابێت ئازارەکانیان قووڵتر بکرێتەوە، چونکە لەبنەڕەتدا هۆکاری مرۆیی ناچاریکردوون پەنا بۆ کەمپەکان ببەن. پێویستە بە زمانێکی جودا لە زمانی سەربازی و چەک کێشەکان چارەسەر بکرێن، لەڕێگەی گفتوگۆ و لێک تێگەیشتنەوە، کێشەی پەنابەران چارەسەر بکرێت، ڕەچاوی ڕەوش و هەلومەرجەکەیان بکرێت، بەردەوام گفتوگۆ بکرێتە بناغەی چارەسەر، نەوەک ئەو بژاردانەی کە ئەنجامی جودا و نەخوازراوی لێ دەکەوێتەوە».

ف.ق