بە دیمەن

زیلان ڤەژین: ٤ی نیسان بۆ گەلەكەمان سیمبۆلی تێكۆشانێكی نوێیە

هاوسەرۆکی پژاک زیلان ڤەژین رایگەیاند: "لەدایكبوونی رێبەر ئاپۆ، تەنیا لەدایكبوونی تاكە كەسێك نییە. لەدایكبوونی گەلێكە. لەدایكبوونی ڕابوونێكی نوێ بۆ تێكۆشانی ئازادیخوازی گەلی كوردستان و ژنانە" و لەو رووەوە ٤ی نیسانی وەک سیمبۆلی تێکۆشانی گەلی کورد ناوبرد.

هاوسەرۆكی پژاك "زیلان ڤەژین" لەدیدارێكدا لەگەڵ ئاژانسی فۆراتنیوز، لەدایكبوونی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و یادی بیستەمین ساڵەی پژاك پیرۆز دەكات و رایدەگەیەنێت، بەلەدایكبوونی رێبەر ئاپۆ؛ لەدایکبوونی گەلێك و تێكۆشانێكی نوێیە. لەدایكبوونەوەی ژن و گەلێكی ئازادیخوازە. پژاكیش لەسەر هێڵی ئازادی و فەلسەفەی ئازادی و پارادایمی كۆمەڵگەیەكی ئەخلاقی ـ سیاسی، دیموكراتیك و ئازادی ژن و ئیكۆلۆژی رێبەر ئاپۆ دامەزراوە.

دەقی چاوپێکەوتنەکە بەم جۆرەیە:

ـ چواری نیسان بۆ گەلی كورد چ واتایەكی هەیە؟

* حەفتاوپێنجەمین ساڵی لەدایكبوونی رێبەر ئاپۆ و بیستەمین ساڵی دامەزراندنی پژاك لەرێبەر ئاپۆ، رۆحی دایكە ئۆوەیش، ئازادیخوازان و گەلانی تێكۆشەر، بەتایبەتی لەژنان و گەنجان پیرۆز دەكەم. هاوكات ئەم دوو یادە بەشكۆیە لە هەموو ئەو كەسایەت، پێکهاتە، گەلان و ئەو بنەماڵانەی کە لە شۆرشی ژن، ژیان، ئازادی دا لە رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران بەشداربوون و قوربانیاندا پیرۆز دەكەم.

لەحەفتاوپێنجەمین ساڵەی لەدایكبوونی رێبەر ئاپۆدا دەژین. لەدایكبوونی رێبەر ئاپۆ، تەنیا لەدایكبوونی تاكە كەسێك نییە. لەدایكبوونی گەلێكە. لەدایكبوونی ڕابوونێكی نوێ بۆ تێكۆشانی ئازادیخوازی گەلی كوردستان و ژنانە. بەلەدایكبوونی رێبەر ئاپۆ تێكۆشانێكی ئازادیخوازی نوێ لەكوردستان دەست پێ دەكات. رێبەرایەتی لەدایكبوونی بەسێ قۆناخ بەناو و هەڵدەسەنگێنێت. لەدایكبوونی یەكەمی رێبەرایەتی، لەدایكبوونێكی جەستەییە كە لەئێستادا تەمەنی گەیشتووەتە حەفتا و پێنج ساڵ. دووەمین لەدایكبوون؛ لەسەر بنەمای هزر و فەلسەفەی ئازادی دامەزراندنی پەكەكەیە و سێیەمین لەدایكبوون؛ لەسەر بنەمای پارادایمی نوێ و پشتبەستوو بەكۆمەڵگەیەكی ئەخلاقی ـ سیاسی، دیموكراتیك و ئازادی ژن و ئیكۆلۆژییە.

ـ بۆچی لەدایكبوونی سێیەمی رێبەرایەتی ئەوەندە گرنگە؟

* بەلەدایكبوونی سێیەمی كە لەهەلومەرجی گۆشەگیری زیندانی ئیمرالیدا پێكدێنێت، هەوڵی پووچەڵكردنەوەی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی لەسەر گەلی كورد و ژنان و مرۆڤایەتی دا. رێبەر ئاپۆ ئەم لەدایكبوونەی سێیەمی وەك هەبوون و تێكۆشان و بەرخۆدانی هەرە بەهێز بەناو كرد. لەو سێ قۆناخەی لەدایكبووندا، بوونی گەلێك و وڵاتێكی ئافراند. پێناسەی وڵاتێكی ئازادی كرد كە وڵاتێكی ئازاد چۆن دەتوانێت بەئازادی و بەئیرادە بژی و چۆن دەتوانێت لەنێو ژیانێكی ئازاد دا بوونی خۆی بەردەوام بكات. لەهەمان كاتیشدا چۆن دەتوانێت بەرێگەی سیستەمێكی دیموكراتیك و ئازادیخواز بەهەموو جیاوازیەكانی خۆیەوە بژیت.

رێبەر ئاپۆ لەسێیەمین قۆناخی لەدایكبوونیدا ئەوەی دەستنیشان كرد و ئەمڕۆكە هەموو ژنانی كورد، ژنانی جیهان و گەلانی هەرێمەكە و جیهان لەسەر ئەو بنەمایە بەدەوری رێبەر ئاپۆدا كۆبوونەتەوە. لەقوناخی دووهەمینی هەڵمەتی ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ و و چارەسەری پرسی كورد، دەبێت لە چواری نیساندا ئەو هەڵمەتە بگەیەنینە لووتكە و ئاستی هەر بڵند. ئەوەش تەنیا بەتێكۆشانی ئازادیخوازی و هاوبەشی گەلانی جیهان دەتوانێت بگاتە لووتكە. ئەڵبەتە وەك گەلەكەمان لەرۆژهەڵاتی كوردستان و گەلی كورد بەگشتی لەبەرامبەر بەئازادی رێبەر ئاپۆ بەرپرسیاریەتیەكی مەزنمان لەئەستۆ دایە. لەم قۆناخەدا دەبێت ئاكتیڤتر و بەهێزتر و بەرفراوانتر و بەبەرپرسیاریەتی بەشداری هەڵمەتی ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ بكەین. لەم رووەوە لەرۆژهەڵاتی كوردستان ئەركی خۆمانمان باش پێكنەهێناوە و لاواز بووین. لەقۆناخی پێشەڕوودا دەبێت زیاتر بەشداری هەڵمەتەكە بین. گەلەكەمان لەرۆژهەڵاتی كوردستان بەهەموو رەنگ و جیاوازیەكانیەوە لەژنان و گەنجانەوە بگرە، تا رووناكبیر، ئاكادیمسین، سیاسەتمەدار دەتوانن بەشداری ئەم هەڵمەتە ببن تا بتوانین لەكەسایەتی ئازادی رێبەر ئاپۆدا پرسی كورد چارەسەر بكەین.

ـ ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ بۆ گەلی كورد، بەچە واتایەك دێت؟

* كاتێك دەڵیین ئازادی رێبەر ئاپۆ، بەو واتایەیە كە ئێمە باس لەئازادی و بوونی خۆمان دەكەین. لەئیمرالی تەنیا كەسێك بوونی نییە؛ بەڵكو گەلێك لەئیمرالی لەچوارمێخە كێشراوە و گۆشەگیركراوە. تەنیا لەئیمرالی شەڕ بەڕێوە ناچێت، ئەمڕۆكە لەكەسایەتی ئیمرالیدا لەگشت كوردستاندا شەڕ هەیە. لەسەر ئەو بنەمایە پێویستە لەقۆناخی پێشەڕوودا وەها پێشوازی لەچواری نیسان بكەین و بەو شێوەیە ئەو پیلانگێڕیانەی زەنجیرئاسایە لەسەر رێبەر ئاپۆ و گەلی كورد بەرێوە دەچن، پووچەڵ بكەینەوە.

لەهەمانكاتدا چواری نیسان، یادی بیستەمین ساڵەی دامەزراندنی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان"پژاك"ە. ئەوەش رۆژێكی تایبەت و نوێیە. بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان واتایەكی گەورەی كۆمەڵایەتی و مێژوویی هەیە. لەسەر فكر و رامانی رێبەر ئاپۆ و بەپێشەنگایەتی زۆرێك لەهەڤاڵانی شەهیدمان"عاكیف، رێزان، سمكۆ، زیلان، هێمن، زاگرۆس و شیرین"، ئەمڕۆ لەسەر رێبازی ئارینان و تۆڵهەڵدان و جەنگاوەران تێكۆشانی بیست ساڵەمان لەسەر فكر و باوەڕی رێبەر ئاپۆ پیرۆز دەكەین. لەرۆژێكی وەهادا هەموو گەلی رۆژهەڵاتی كوردستان، بەپێشەنگایەتی پژاك و بەفكر و فەلسەفەی ئازادی رێبەرتی تێكۆشانی خۆیان بەرێوە دەبەن.

یەكەمین لەدایكبوون لەرۆژهەڵاتی كوردستان كە لەسەر فكر و فەلسەفەی رێبەرتی هاتە ئاراوە، دامەزراندنی پژاك بوو كە بیست ساڵەی خۆی تێپەڕاند. لەدایكبوونی دووهەمیش بەشۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دەستی پێكرد. شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لەدایكبوونێكی نوێ بوو. شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی كە بەپێشەنگایەتی گەلەكەمان، گەلانی ئازادیخواز، گەلان ئێران بەگشتی بەرێوە چوو گەردوونی بوو و فەلسەفەی رێبەر ئاپۆشی لەگەڵ خۆیدا گەردوونی كرد.

ـ ئەرك و بەرپرسیاریەتی گەلەكەمان و ئازادیخوازان لەبەرامبەر بەئازادی رێبەر ئاپۆ چۆن دەبینن؟

* پێویستە لەقۆناخی نوێ دا هەموو ئەو ئەرك و بەرپرسیاریەتیەی دەكەوێتە سەرشانمان وەك پژاك و ئەوەشی دەكەوێتە ئەستۆی گەل و بەتایبەتی بەپێشەنگایەتی هەموو گەلانی ئێران بەرەو كوردستانێكی خۆبەرێوەبەر و ئێرانێكی دیموكراتیك هەنگاو بنێین. هەڵبەتە لەساڵی نوێدا كە پژاك پێ دەنێتە بیست و یەكەمین ساڵەی دامەزراندنی خۆیەوە، بەپێشەنگایەتیەكی بەهێزتر دەبێت لەقۆناخی نوێدا ئەرك و بەرپرسیاریەتی خۆمان پێكبهێنێن. لەلایەكی تر لەم بیست ساڵەی تەمەنی پارتەكەمان شەهیدێكی زۆرمان پێشكەشی رێگای ئازادی گەل كرد. پەژاك ژمارەیەكی زۆر كادری پێشەنگی لە كچان و كۆڕانی رۆژهەڵاتی كوردستان پێگەیاند. ئەو پێشەنگانە، تێكۆشان و قوربانیاندا و لەسەر ئەو نرخ و دەستكەوتانەی لەسەر دەستی شەهیدان بۆنیاد نراون، لەشۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا شەهیدی زۆرمان پێشكەشكرد. گەلەكەمان و بەتایبەتی دایكان قوربانی زۆریاندا. هەڵبەتە ئەو قوربانیانە تەنیا بەتێكۆشان و بەردەوامیدان بە رێ و رێباز ئەو شەهیدانە، قەرەبوو دەكرێتەوە. بەسەركەوتنی دەستكەوتەكان، بەشێوەیەك كە كۆمەڵگەكەمان بگاتە ئیرادەیەك لە بوون و سیستەمێكی دیموكراتیك، بگاتە ئەو ئاستەی كە ئەو زەخت و گوشارانەی لەسەر ئێرادە و وڵاتمان دەسەپێندرێت، پووچەڵ بكاتەوە و تێكۆشان بڵند بكات دەتوانێت ببێتە وەڵام بۆ خوێن و خولیا و هیواكانی شەهیدان.

لەتێكۆشانی ئاپۆییدا هیچ قوربانیەك، بێ وەڵام نامێنێتەوە. هەر قوربانیەكیش بەشەڕكردن و تێكۆشانی چەكداری نابەستینەوە. بەقۆناخێكی زۆر هەستیار و دیرۆكیدا تێپەڕ دەبین. تێكۆشانمان لەسەر بنەمای هێڵی سیاسەتی دیموكراتیك، هێڵی سێیەم بەرێوە دەچێت. رێ و رێبازی زۆر و دەوڵەمەندمان بۆ تێكۆشان لەرۆژهەڵاتی كوردستان لەبەردەستە.

ـ دۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی كوردستان وئێران چۆن دەبینن؟

* لەقۆناخێكداین كە گەل لەسیاسەتی سێدارەی رژێم تووڕە و ناڕازییە. لەو باوەڕەداین كە گەلەكەمان دەتوانێت ئەو سیستەمە بگۆڕێت و دیموكراتیكی پەیڕەو بكات. بەرێبازی خۆی و بەهاوبەشی و یەكگرتنی خۆی لەگەڵ گەلان و بەتایبەتی بەپێشەنگایەتی ژنان و گەنجان دەتوانێت ئەو یەكە بەئەنجام بگەینێت؛ چونكە وەك شۆڕشی، ژن، ژیان، ئازاد و وەك پژاك كە لەتەمەنی بیست ساڵەی خۆیدا و تەمەنێكی وەها تەمەنی كەسێكی گەنجە. لەتەمەنێكدایە كە ئەدی بڕیار دەدا و بەهێز و وزەیەكی گەورەتر بەرەو پێشەوە هەنگاو دەنێت. لەبەر ئەوەش لەم قۆناخەدا بەبڕیاری نوێ و ئیرادەیەكی مەزنتر و هیوا و باوەڕیەكی مەزنتر هەنگاو هەڵێنێت. پژاك لەقۆناخێكی نوێدا و لەساڵی ٢٧٢٤دا دەتوانێت بۆ زۆرێك لەهیوا و چاوەڕوانیەكانی گەل و سەركەوتنی شۆڕش وەڵامدەرەوە بێت.

هەڵبەتە وەك گەلی كورد خاوەن چانسێكی زۆر گەورەین، خاوەن دەرفەتێكی مەزنین و هیوا و باوەڕیمان لەهەركات گەورەتر و بەهێزترە؛ چونكە تێكۆشانەكەمان بەگەردوونی و بەكۆمەڵایەتی بووە و لەو باوەڕەداین كە لەسەر ئەو ئیرادەیەوە بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێین. هەموو گەلانی جیهان هەستیان بەدۆزەكەمان كردوە و هوشیار بوونە. گەلی كورد و دۆستانمان و گەلانی جیهان پشتیوانی ئەم دۆز و تێكۆشانە دەكەن. ئەوەش بەو واتایە كە تێكۆشانی ئێمە، تێكۆشانی گەلانە. تێكۆشانی گەلی ئازادیخوازە. بۆیە گەلی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران، لەو باوەڕەدان كە ئەگەر تێكۆشانی گەلی كورد سەركەوتن بەدەست نەهێنێت، تێكۆشانی گەلانی ئێرانیش ناگاتە سەركەوتن.

وەك گەلی كورد و پژاك و ژنانیش لەو باوەڕەداین. تێكۆشانی ئێمە یەكگرتووە و بەیەكگرتوویی دەگاتە سەركەوتن. گەرەنتی سەركەوتنی هەر شۆڕشێكیش بەگەرەنتی تێكۆشانی هاوبەشی گەلانەوە بەستراوەتەوە. بۆیە لەم قۆناخەدا وەك گەل هەم خاوەن چانس و هەم خاوەن رێبەرێكی، وەك رێبەر ئاپۆین و خاوەن پارادایمێكی نوێن كە بۆ جیهان بووەتە جێگای هێما و هیوا و باوەڕی كە هەموو گەلان بەدەوریدا كۆبوونەتەوە. هەڵبەتە بەم بەهار و سەرەتا نوێیەوە، كە گەل بەهەیەجان و جۆشەوە پێشوازیان لەنەورۆزی ئەمساڵ كرد رۆحێكی نوێ بەبەر ئەم ساڵەدا كرا. دەبێ بەرۆحی نەورۆز، پێشوازی لەچواری نیسانیش بكەین. ئێمە لەوباوەڕەداین كە گەل لەهەڵمەتی ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ، هەموو بەرپرسیاریەتی خۆی كە وەك بوون ئازادی خۆی تێدا دەبینێت بەشدار دەبێت و ئەرك و بەرپرسیاریەتی خۆمان پێكدێنن. وەك پژاكیش بەپێشەنگایەتی سیاسەتی دیموكراتیك و پرۆژەی نەتەوەی دیموكراتیك، لەكوردستانەوە بەرەو ئێرانێكی دیموكراتیك هەنگاو دەنین. لەسەر ئەساسی رێباز و شێوازی نوێ، بەتایبەتی وەك ئەو ژنان و گەنجانە پێشەنگایەتی ئەو شۆڕشە دەكەن لەرۆژهەڵات و ئێران دەگەیەن بەسەركەوتن و بەسەركەوتنیش شۆڕش دەڕازێنینەوە. جارێكی تر لەدایكبوونی رێبەر ئاپۆ و بیستەمین ساڵیادی دامەزراندنی پژاك لەهەموو بنەماڵە و كەس و كاری شەهیدان و دایكان و گەلەكەمان پیرۆز دەكەین.

هـ . ب