دکتور نەبۆ: بە پێی تواناکانمان خۆمان دەپارێزین

لە ناوچەکانی شەهبا و شێراوا بە هەزاران کەس ڕووبەڕووی مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونەتەوە. لەومبارەیەوە دکتور حەسەن نەبۆ ئەندامی مانگی سووری کوردی ڕایگەیاند، لەگەڵ بیدەرفەتیەکانیش هەوڵێ خۆپاراستن دەدەن.

لە لایەکەوە خەڵکی ناوچەی شەهبا خۆی لە هێرەشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی دەپارێزێت و لە لایەکی ترەوە ڕووبەڕووی مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووەتەوە.

دکتور حەسەن نەبۆ ئەندامی مانگی سووری کوردی نۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ڕایگەیاند، تا ئێستا هیچ هاوکاریەک پێشکەش بە ناوچەکە نەکراوە و ئەگەری هەیە خەڵکی ناوچەکە و کەمپی پەنابەران ڕووبەڕووی مەترسیەکی گەورە ببنەوە. نەبۆ شەڕی ٨ ساڵەی وەبیرهێنایەوە کە بەو هۆیەوە ژمارەیەکی زۆر کۆچبەری عەفرین ڕوویان کردووەتە ناوچەکە  و وتی، "ئەوەش وایکردووە پەنابەران ڕووبەڕووی زۆر نەخۆشی ببنەوە."

دکتور نەبۆ ئاماژەی بەوەدا لە ئیستادا چەند حاڵەتێکی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ناوچەکانی عەزاز، عەفرین، نوبیل و زەهرا بینراون و وتی، "ناچارین لە هەرێمی شەهبا و ناوچەی شێراوا رێوشوێنی توند بگرینەبەر، بەڵام بەم دەرفەتانەی کە ئێستا لەبەردەستماندایە ناتوانین خۆمان لە ڤایرۆسەکە بپارێزین. بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر قەدەغەی هاتوچۆی ڕاگەیاندووە، ئێمەش دەستمان بە کەمپینی هوشیارکردنەوە کرد. بنکەی تەندروستیمان کردەوە. بۆ ئەوەی ڤایرۆسەکە بڵاونەبێتەوە لە شێراوا، نوبیل و زەهرا و ناوچەی ئەهدا و لەسەر رێگای حەلەب دوو بنکەی تەندروستیمان بۆ پشکنین کردەوە. لە ڕێگای ئامێری پیوانەی پلەی گەرماوە، پشکنین ئەنجامدەدەین. ئەم ئامێرانە زۆر کاریگەر نین، بەڵام بە تەنها ئەم ئامێرانەمان هەیە."

بەرلە قەدەغەی هاتوچۆ

بەرلەوەی قەدەغەی هاتوچۆ ڕابگەیەنرێت ئێمە بە ئۆتۆمبێڵ و بڵندگۆ لە هەموو گوند و ناوچەکان گەڕاین و هاوڵاتیانمان هوشیار کردەوە کە پێویستە لە ماڵەکانیان بمێننەوە و ڕێنماییمان پێشکەش بە گەل کرد کە چۆن خۆیان لەبەرانبەر پەتاکە بپارێزن. تیمی پزیشکیمان بۆ حاڵەتی لەناکاو پێکهێنا. تیمەکانمان لە ئەگەری هەبوونی حاڵەتی تووشبووندا سەردانی ماڵی نەخۆشەکە دەکەن و ئەگەر نیشانەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنای تێدا دەرکەوت، بۆ نەخۆشخانەی دەگوازنەوە. لە نەخۆشخانەدا شوێنێکی تایبەتمان بۆ ئەو کەسانەی دۆخی تەندروستیان تێکدەچێت کردووەتەوە. نەخۆشەکان لەو شوێنەدا دوور لە هاوڵاتیان چارەسەریان بۆ دەکرێت.

مەترسی لەسەر کەمپەکان هەیە

لەم هەرێمە ژمارەیەک کەمپ هەن و مەترسیەکی زۆر لەسەر کەمپەکان هەیە. هاتوچۆی ناو کەمپەکانمان بە تەواوی قەدەغە کردووە. لە دەروازەی کەمپەکاندا تیمی پشکنینمان جێگیر کردووە. پشکنین بۆ هاوڵاتیان ئەنجامدەدرێت. هەروەها بنکە تەندروستیەکانمان لەناو کەمپەکاندا ٢٤ کاتژمێر کراوە دەبن. جگە لەو نەخۆشانەی کە دۆخیان زۆر خرابە، هیچ نەخۆشێکی تر قبوڵ ناکرێت.

پێشتر هەندێک نەخۆشمان هەبوو کە دۆخیان زۆر خراب بوو. لەژێر خێمەکانیان سەردانیان دەکەین و ئەگەر دۆخیان تێکبچێت بۆ نەخۆشخانەیان دەگوازینەوە. بە بەردەوامی تیمەکانمان هوشیاری و ڕێنمایی دەدەنە هاوڵاتیان.

ڕێوشوێنەکان لاوازن

ڕێوشوێنەکان لاوازن، هیچ رێوشوێنێک ناتوانێت رێگا لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکە بگرێت. کەموکورتی زۆرمان لە ڕووی تەکنیک و پێداویستی پزیشکیەوە هەیە. هیچ ڕێکخراوێکی تەندروستی و دەزگایەک هاوکاری نەکردووین. کەموکورتیمان لە ڕووی نەبوونی جیهازی هەناسەدان، دەستکێش و دەماک و پزیشکی پسپۆڕ و پەرستیار هەیە.

لەگەڵ ئەوەشدا ڕێگریمان لێدەکرێت

لەبەرئەوەی ناوچەکەمان گەمارۆدراوە، بە زەحمەت پێداویستیەکان دەگاتە دەستمان. خالەکانی پشکینی ڕژێمی سوریا ڕێگا بە هێنانی پێداویستی پزیشکی نادەن. پێویستە بە بەردەوامی مۆڵەت وەربگرین و ڕێگاکان دادەخەن. ئەگەر نەخۆشیەکە بڵاوببێتەوە لانیکەن لەسەدا ١٠ بۆ ١٥ لە نەخۆشەکان پێویستیان بە ئامێری هەناسەدان دەبێت، بەڵام ئێمە بە تەنها ٥ – ٦ ئامێری هەناسەدانمان هەیە. هیوادارین ڕێکخراوی تەندروستی جیهان و ڕژێمی سوریاش هاوکاریمان بکەن."

ف.ق