سوپای سوریا سەراقیبی گەمارۆدا، سەربازانی تورک گەمارۆ دراون

لە ئیدلب شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان سوپای داگیرکەری تورک لەگەڵ روسیا و سوریا گەورە دەبێت. سوپای سوریا ناوچەی سەراقیبی بە تەواوی گەمارۆ داوە. سوپای تورکیش هێرشی نوبول و زەهرای کردووە کە لە ژێر کۆنترۆلی ئێراندایە.

سوپای سوریا بە پشتیوانی هێزی ئاسمانی روسیا شارۆچکەی سەراقیبی گەمارۆدا کە لە رووی جیۆ پۆلیتیکەوە ناوچەیەکی ستراتیجییە و هەر دوو رێگای نێودەوڵەتی M4  و M5لەو ناوچەیە دەگەن بە یەک.

لە ناوچەکە کە هێزەکانی رژێم شەوی رابردوو چوونە ناو یەکەمین گەڕەکی شارۆچکەکە، شەڕ و پێکدادانێکی قورس روودەدات. ئەمڕۆش لە هەمان ناوچە سوپای داگیرکەری تورک و سوپای سوریا سەنگەرەکانی یەکدی تۆپباران دەکەن.

دەوڵەتی تورک بۆ ئەوەی رێ لە پێشڕەوییەکانی سوپای سوریا بگرێت، بەر لە چەند رۆژێک ٤ خاڵی دیکەی سەربازی لە دەوروبەری شارۆچکەی سەراقیب دروست کردبوو، هاوکات چەندین جۆر چەکی قورسیشی گواستوتەوە ناوچەکە.

تورکیا هێرش دەکاتە سەر ناوچەی نوبول و زەحرا

لەم نێوەندەدا سوپای تورکیش بە تۆپ هێرشی کردووەتە سەر هەردوو ناحییەی نوبول و زەهرا کە دەکەونە باکوری شاری حەلەب و لە لایەن ئێرانەوە کۆنترۆل دەکرێت. هاوکات سوپای تورک ئەمڕۆش چەندین جار پێداویستی سەربازی ناردووە بۆ ناوچەکە.

روسیا: لە ناو سوپادا کوژراومان هەیە

بە پێی لێدوانێکی وەزارەتی دەرەوەی روسیا، لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا، لە ناوچەکە ١٠٠٠ هێرش ئەنجامدراون و راشیگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەم دواییەدا، پلەداری سەربازیی روسی و تورک کوژراون، بەڵام ئاماژەی بە وردەکارییەکە نەکرد.

ئەندامانی دەزگای هەواڵگریی روسیا کوژرابوون

لە سەرەتای ئەم مانگەدا ٤ ئەندامی دەزگای هەواڵگریی روسیا کە هەوڵیان دابوو لە سەراقیب لە نێوان بەرپرسانی سوریا و تورکیادا چاوپێکەوتنێک رێک بخەن، بەڵام لە لایەن چەتەکانی دەوڵەتی تورکەوە بە برینداری بەدیل گیران و دواتر کوژران.

دوای ئەم رووداوە کاروانێکی سەربازی دەوڵەتی تورک لە نزیک شارۆچکەی سەراقیب بوو بە ئامانجی سوپای روسیا و سوریا و بە پێی لێدوانە فەرمییەکان ٨ سەربازی تورک کوژرابوون.  

' بەرپرسیارییەکە دەکەوێتە ئەستۆی تورکیا'

لە لێدوانێکی کرەملیندا باس لەوەکرا کە هێرشی شەڕکەرەکان لە ئیدلب کە لە ژێر کۆنترۆلی تورکیادان، لە دژی هێزەکانی حکومەتی سوریا و بنکە سەربازییەکانی روسیا و سوریا بەردەوامن.

لەم نێوەندەدا کۆنسەی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە هۆی ئالۆزییەکانی ناوچەکە کۆبوتەوە.

ز.ش