شەڕڤان دەروێش باسی سێ ساڵ دوای ڕزگارکردنی منبج دەکات

دەروێش وتی: "لەماوەی سێ ساڵدا یەکگرتووییەک لەنێوان پێکهاتەکانی شاری منبجدا دروست بووە. دوای ئەوەی کە شارەکە لە چەتەکانی داعش ڕزگارکرا، شارەکەمان ڕادەستی ئەنجومەنی سڤیل کرد، هەتا ئێستاش کارەکە بە سەرکەوتوویی بەڕێوەدەچێت".

بەبۆنەی سێیەمین ساڵیادی ڕزگارکردنی شاری منبجەوە، وتەبێژی ئەنجومەنی سەربازی منبج شەڕڤان دەروێش، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات نیوز (ANF) قسەی کرد.

دەروێش لەبارەی سێ ساڵی ڕابردوودا باسی لەوە کرد، چەندین هەڕەشەی گەورەیان لێ کراوە و وتی: "لەماوەی سێ ساڵدا یەکگرتوویەک لەناو پێکهاتەکانی شاری منبجدا دروست بووە. دوای ئەوەی شارەکە لە چەتەکانی داعش ڕزگار کرا، شارەکەمان ڕادەستی ئەنجومەنی سڤیل کرد، هەتا ئێستاش کارەکان بە سەرکەوتوویی بەڕێوەدەچن".

ئەنجومەنی سەربازی

ئەنجومەنی سەربازی منبج بە چەندین قۆناغدا تێپەڕی. شەڕڤان دەروێش باسی ئەو قۆناغانەی کرد: "وەکچۆن ڕزگارکردن گرنگ بوو، دوای ئەوە پاراستنی شاریش گرنگ بوو. ئەو هێزەی کە ببوە هاوکار بۆ دروستکردی هێزەکەمان 'YPG' و 'YPJ' لە منبج کشانەوە. ئەنجومەنەکەمان بۆ لەناوبردنی داعش لە ڕەقا، تەبقا و باغۆز شانبەشانی قەسەدە شەڕیان کرد. دوای ئەوە ئیتر قۆناغەکە گۆڕا و هەڕەشەی جیا جیا لە شاری منبج کرا. چ لەلایەن تورکیاوە، چ لە لایەن چەتەکانی داعشەوە. بۆیە ئێمە ڕێکخستنمان پتەوتر کرد کە لە دژی هێرشەکانی داعش و دەوروبەرەکە وەکو تورکیا ئامادە بن".

منبج نمونەیەکی باشە

بۆ گفتوگۆ لەبارەی هەرێمی ئارام، شەڕڤان دەروێش سەرنجی ڕاکێشایە سەر نمونەی منبج و وتی: "ئەو ئارامییەی هەیە لە منبج ئێستا باشە. مرۆڤ دەتوانێت بڵێت، ئەو بانگەشانەی تورکیا دەیکات بۆ ڕۆژهەڵاتی فورات هەموویان ڕاست نین، بەڵام بۆ ئەوەی پێش بە شەڕ بگیررێت دروستکردنی هەرێمێکی وەکو منبج باش دەبێت. ئەگەر ئەو ناوچە ئارامە ڕێگر بێت لەبەردەم شەڕ و کۆچکردن باشە، بەڵام ئەگەر ببێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕێکی نوێ و کۆچکردنێکی نوێ، ئێمە هەرگیز لەگەڵیدا نین".

ک-ش