عەبدولغەنی ئۆسێ: داگیرکەران سەرناکەون

عەبدولغەنی ئۆسێ هاوسەرۆکی کانتۆنی حەسەکە ڕایگەیاند، داگیرکەری دەوڵەتی تورک لە ڕابردوودا سەرنەکەوت و لە ئێستاشدا سەرناکەوێت و وتی، "ئەوانەی بە هۆی داگیرکەریەوە ئاوارەبوون، پێویستیان بە هاوکاری نێودەوڵەتی هەیە."

عەبدولغەنی ئۆسێ هاوسەرۆکی کانتۆنی حەسەکە ڕایگەیاند، نزیکەی ٣٠٠ هەزار کەس بە هۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بە ناچاری ماڵ و حاڵیان جێهێشتووە و لە قۆتابخانەکانی شارەکانی تر دەمێننەوە، بەڵام لە هەموو بارودۆخێكدا گەل بەرخۆدان دەکات و لەدژی داگیرکەری سەردەکەوێت.

ئۆسێ ئاماژەی بەوەشدا، بەهۆی ئەوەی هێرشەکانی داعش و ئەلنوسرە سەرنەکەوتن، سوپاکەی لە دژی ڕۆژئاوا جووڵە پێکرد و وتی، "دەوڵەتی تورک ناتوانێت ئەم دڕندەیی و هێرشە بەردەوامی پێبدات. گەلی هەرێمەکە وەک جاران نییە. لە ناو کۆمەڵگادا یەکێتی هەیە. کورد، عەرەب، سوریان و هەموو پێکهاتەکان بەیەکەوە دەژین. بەرامبەر هەموو هێزێک کە لەدژی ئیرادەیان شەڕ دەکات دەوەستنەوە."

کەس هاوکاری پێشکێش نەکرد

ئۆسێ ئەوەی خستەڕوو، پلانی دەستپێکی داگیرکەری دەوڵەتی تورک دروستکردنی هەرێمێکی داگیرکراوە بە قۆڵایی ٣٢ کیلۆمەتر لە سەرێکانی و گرێ سپی و بە هەزاران خەڵکی مەدەنی بە هۆی هێرشە داگیرکەری دەوڵەتی تورک ئاوارە بوون و لە دۆخێکی سەختدا دەژین. لە حەسەکە لە ٦ قۆتابخانە ئاوارەکان نیشتەجێکراون. پێویستە خاوەنداری لە ئاوارەکان بکەین. دوو کەمپمان دروستکردووە. نزیکەی ٣ هەزار چادر دادەنرێن. بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بە هەموو دەرفەتێکی خۆی وڵامی ئاوارەکان دەداتەوە. جگە لە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر هیچ کەس و لایەنەک یارمەتی ئاوارەکان نادات.

دیموگرافی دەگۆڕن

ئۆسێ ڕایگەیاند، گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ ئەوەی کۆتایی بە داگیرکەری بێت، بە هەموو شێوەیەک بەرخۆدان دەکەن. پێکهاتەکانی هەرێمەکە بەیەکەوە دژی داگیرکەری دەوەستنەوە. دەڵێن بە بیانوی گەڕانەوەی مەدەنیەکان بۆ سوریا هێرش دەکەن. ئایا ئەو خەڵکەی سەرێکانی و گرێ سپی کێن. ئەوان گەلی هەرێمەکەن. ئەوانەی کە دەوڵەتی تورک دەیەوێت لە هەرێمەکە نیشتەجێیان بکات، چەتەن و هیچ پەیوەندیەکیان لەگەڵ هەرێمەکە نییە. دەیانەوێت بەم شێوەیە دیموگرافی هەرێمەکە بگۆڕن. گەلی هەرێمەکە ئەم دۆخە قبوڵ ناکات و لە سەر خاکەکەی دەمێنێتەوە. تا کۆتایی بەرخۆدان دەکات. نابێت چەتەکان کە لە دەرەوە هاتوون، لەوێ بمێننەوە.

دەوڵەتی تورک سەرناکەوێت

ئۆسێ ڕاشیگەیاند، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر وەک عەفرین لە سەرێکانی و گرێ سپیش دیوار دروست دەکات. گەلیش قبوڵی ناکات و بەرخۆدان دەکات. لە ڕێگەی ئاوارەکردنی خەڵکەوە دەیانەوێت دیموگرافیای ئەو شارانە بگۆڕن. ئامانجی دەوڵەتی تورک گۆڕینی دیموگرافیایە. بەڵام چۆن لە ڕابردوودا سەرنەکەوت، لە ئێستاشدا سەرناکەوێت. گەل بەرخۆدان دەکات و سەردەکەوێت.

ئۆسێ بۆ هاوکاریکردنی ئاوارەکان لە هەموو ڕوویەکەوە داوای لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان کرد دەستی هاوکااری درێژ بکەن و وتی، "بە هۆی ئەوەی ئاوارەکان لە قۆتابخانەکاندا نیشتەجێکراون، پڕۆسەی خوێندن ڕاگیراوە. کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پێویستە بۆ دابینکردنی پێداویستی گەلانی هەرێمەکە چارەسەریەک بدۆزنەوە.

ف.ق