عەفرینیان بە هاتایەوە بەستەوە، پاکتاوی نەژادی ئەنجام دەدەن – II

عەفرین دوو ساڵە وەکو شارێکی تورکیا لە لایەن پارێزگاری شاری هاتایەوە لە ژێر بارودۆخێکی نائاساییدا لە لایەن میتەوە بەڕێوە دەبرێت. بە میکانیزمەکانی دەوڵەتی تورک لە دژی کورد، پاکتاوی نەژادی ئەنجام دەدرێت.

دەوڵەتی داگیرکەری تورک دوای ئەوەی ١٨ی ئازاری ساڵی ٢٠١٨ عەفرینی داگیر کرد، بۆ ئەوەی رەوایەتی بدات بە خۆی، میکانیزمی سەربازی و سیاسی گرتە بەر. لەگەڵ ئەمەشدا عەفرین دوو ساڵە لە لایەن پاریزگاری هاتای و میتی تورکەوە بەڕێوە دەبرێت. لە دژی ئەو کوردانەی سوور بوون لە عەفرین بمێننەوە، پاکتاوی نەژادی ئەنجامدرا و ئێستاش بەردەوامە. دەوڵەتی تورک کوردانی سەر بە ئەنەکەسەش ئەشکەنجەدا کە ببون بە هاوکاری داگیرکردنی عەفرین. هەروەها ئەو کوردانەی کە لە ناو ئەو میکانیزمانەشدا جێ دەگرن، بە بێ دوودڵی دەستگیریان دەکات و دەیانگرێت.

بەر لە هێرشە داگیرکەرییەکەی دەوڵەتی تورک، کورد و عەرەب و ئەرمەن و سوریان و ئێزدی و عەلەوی و سوونی لە ژێر چەتری بەڕێوەبەرایەتی خۆسەریی دیمۆکراتیکدا بە یەکەوە  دەژیان و لەناو بەڕێوەبەرایەتییەکەشدا نوێنەریان هەبوو. کاتێک دەوڵەتی تورک لە ٢٠ی کانونی ٢٠١٨ دەستی بە هێرشە داگیرکەرییەکانی کرد، گەلی عەفرینیش شان بە شانی هێزی قەسەدە خۆڕاگری کرد. داگیرکەران بە بۆردومانکردن و کۆمەڵکوژی پێشڕەوییان کرد و گەلی عەفرینیش ناچار بوو ئاوارەی ناوەندی شارەکە ببێت. سوپای تورک لە ١٨ی ئازاری ٢٠١٨ ناوەندی شاری عەفرینی گەمارۆدا و پەرەی بە هێرشەکانیدا. ناوچە مەدەنییەکانی تۆپباران کرد و کۆمەڵکوژی ئەنجامدا. بە بڕیاری بەڕێوەبەرایەتی خۆسەریی دیمۆکراتیک نزیکەی لە سەدا ٨٠ی گەلی عەفرین شارەکەی بەجێ هێشت. بەشێکی زۆریان لە ناوچەی شەهبا جێگیر بوون، بەشێکیشیان چوون بۆ حەلەب و بەشێکیش ئاوارەی کانتۆنی جزیر و کۆبانێ بوون.

چەتەکان لە هەموو جێگایەکی عەفرین هەن

دەوڵەتی داگیرکەری تورک دوای ئەوەی لە ١٨ی ئازای ٢٠١٨ عەفرینی بە تەواوی داگیر کرد، لە ژێر ناوی "ئەمنی"دا کۆمەڵێک میکانیزمی گرتە بەر کە بوو بە هۆکاری دروستبوونی فشارێکی زۆر بۆ سەر خاڵکی ناوچەکە. هەروەها شارەکەی لە نێوان چەتەکاندا دابەشکرد. لەگەڵ ئەوەی زۆر جار پرۆپاگەندەی دەکرد کە گوایان چەتەکان لە ناوەندی شاری عەفرین دەچنە دەرەوە و لە دوروبەری شارەکە لە ناوچەکانی شەڕ جێگری دەبن، بەڵام بە پێچەوانەوە لە هەموو ناوچەکانی شار گروپە چەتەکان بوونیان هەیە. بگرە کۆنترۆلکردنی چەندین ناحییەی عەفرینیش رادەستی چەتەکان کراوە. بەم شێوەیە خوارەوە:

شیێ: سوڵتان موراد، فیرقەی حەمزات، فیرقەی سوڵتان سولەیمان شا، لیوا ئەلوەقاس و فیرقەی سەمەرقەند.

جندرێس: فەیلەق شام، ئەحرار ئەلشام و ئەحرار ئەلشارقییە.

بلبلێ: فەیلەق شام، لیوا سقور ئەلجەبل، توگای مونتەسر لیلا(تورکمان)، هێزەکانی حەمزات، نوخبە، سوڵتان موراد، ئەحفات ئەلرەسول و سقور ئەلشام.

مابات: توگای سولتان محمد فاتیحن توگای مونتەسر بیلا، توگای ئەحواد، توگاکانی حەمزە، سەمەرقەند، توگای سوڵتای سولەیمان شا، بەرەی ئەلشامیە.

راجۆ: تومەنا حەمزا، سوڵتان موراد، فەیلەق ئەلشام و ئەحرار ئەلشارقیە.

شەرا: تومان سوڵتان موردا.

شێراوا: فەیلەق ئەلشام، تومان حەمزە، ئەحرار ئەلشام و ئەحرار ئەلشارقییە.

چەتەکان فشار دێننە سەر گەنجان بۆ ئەوەی بەشداری ریزەکانیان ببن

خەڵکی عەفرین، زۆر جار رووبەرووی دژی و تاڵانی چەتەکاندا مانەوە. هەروەها رووبەرووی فشار و ئەشکەنجە و رفاندن هاتوون.  

سەرچاوەکانمان رایدەگەیێن لە چەند مانگی رابردوودا زۆر چەتە بۆ ئەوەی بەشداری داگیرکردنی سەرێکانی، گرێ سپی و شەڕی لیبیا ببن، لە عەفرین چوونە دەرەوە و بۆ ئەوەی جێگاشیان پڕ بکرێتەوە، فشار لە گەنجانی عەفرین دەکرێت بۆ ئەوەی بەشداری ریزەکانیان ببن.  بە پێی ئەو زانیارییانەی بەدەستمان گەیشتوون، میتی تورک لە ٢٥ی کانونی یەکەم فەرمانی کردووە هەر چەتەکانی عەفرین کە هەر یەکێکیان ١٥ ئەندامی خاوەن ئەزموونی خۆی ئامادە بکات بە مەبەستی داگیرکردنی رۆژهەڵاتی فورات و بەشداریکردن لە شەڕی لیبیا و لە جێگای ئەوانیش ١٥ ئەندامی نوێ بەشداری ریزەکانیان بکەن.

لە ئێستادا لە ژێر چاودێری میت گەنجانی شارەکە ئەشکەنجە دەدرێن و فشاریان لەسەر دروست دەکرێت بۆ ئەوەی بەشداری ریزی چەکان ببن.

میکانیزمی نوێ بۆ دروستکردنی فشار

دەوڵەتی تورک دوای داگیرکردنی عەفرین، لەگەل سەرباز و چەتەکانی، لە هەمان کاتدا سێ میکانیزمی دیکەی بۆ حاڵەتی "ئەمنی" پەیرەو کرد. ئەو سێ میکانیزمەش بۆ ئەوەیە کە فشار لەسەر کورد و خەڵکی عەفرین دروست بکەن.

ئاسایشی سیاسی (هەواڵگری): ناوەندەکەی لە عەفرینە، لە ناوچەکانی دیکەش ناوەندی تری هەیە.

هێزەکانی پۆلیس: ئەم گروپە لە چەتەکان و ئەوانەی لە عەفرین جێگیر کراون، پێک دێت و ناوەندەکەشی لە ناوەندی شاری عەفرینە. ئەو کوردانە دەستگیر دەکات کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەرن. ئامادەیی ئەمیر ئەلغوبارییان کردووەتە ناوەند.

پۆلیسی مەدەنی: لە سەرەتای دروستکردنی ئەم هێزەدان کوردی سەر بە ئەنەکەسەش تێدا بەشدار بوون، بەڵام زۆربەیان بە هۆی فشارەکانەوە، ناچار بوون لە عەفرین بچنە دەرەوە. یان بە هۆکاری جیاواز دوور خرانەوە. ئەم هێزە بەشدار دەبێت لە رفاندنی هاوڵاتییان.

ئەنجومەنی داگیرکەری نەیتوانی دادگاش ئیدارە بکات

دەوڵەتی داگیرکەری تورک دوای ئەوەی عەفرینی داگیر کرد، نەک تەنها میکانیزمی "ئەمنی" دروست کرد، بەڵکو بۆ ئەوەی رەوایەتی پێ بدات، میکانیزمی "مەدەنی" و "سیاسیشی" دروست کرد.

ئەو رۆژەی عەفرین  داگیر کرا، ١٨ی گوڵانی ٢٠١٨ لە دهۆک بە رێکخستنی میت کۆبوونەوەیەک بە بەشداری ١٠٠ کەس کە گوایان هەموویان خەڵکی عەفرینن، ئەنجامدرا و بە ناوی 'کۆنگرەی بونیادنانی عەفرین' راگەیێنرا. لە ئەنجامی کۆبوونەوەکەدا رایانگەیاند "ئەنجومەنی هەرێمی عەفرین'یان دروست کردووە. کەسێک بە ناوی حەسەن شندی کە لە کاتی شۆڕشی رۆژئاوادا لە عەفرین کاری کۆنترای دەکرد و فەرمانی چەندین تەقینەوەشی داوە، وتەبێژی ئەم رێکخستنە بوو.

بە دروستکردنی کۆنگرەیەکی بەم شێوەیە ویستیان دوژمنانی پەیەدە کە سوێندیان خواردووە، کۆیان بکەنەوە و لە عەفرین بەڕێوەبەرایەتییەکی سەر بە خۆیان دروست بکەن. شندی و ئەو ئەنجومەنەی کە ئەو وتەبێژەکەی بوو، لە عەفرین نەیتوانی تەنانەت مانگێکیش ئیدارە بکات. دەوڵەتی تورک بە هیچ شێوەیەک ئەوانیان بە جدی وەرنەگرت. لە ئەنجامدا زۆربەی ئەندامانی ئەو ئەنجومەنە رایانکرد بۆ ئەوروپا و تورکیا و باشوری کوردستان.

هەموو ئەرکەکان لە دەستی میت و پارێزگاری هاتایدایە

بەڕێوەبەرایەتی عەفرین لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٨ دا بەسترایەوە بە پارێزگاری هاتای و وەکو ناوچەیەکی سەر بە هاتای تەماشا کرا. دەوڵەتی تورک لە نیسانی ٢٠١٨شدا گوایا ئەنجومەنێکی مەدەنیی سەر بە خۆی دروست  کردووە. ناوەندی شارەکەشی لەگەڵدا بێت، ٧ ناحییەی عەفرین بە ئەنجومەنێک بە دەوڵەتی تورکەوە بەستراونەتەوە.

ئەو ئەنجومەنەش لە خەڵکی ناوچەکە بە تایبەتیش خەڵکی عەفرین و چەندین ئەندامی ئەنکەس پێک دێت. سەرەتا راگەیێنرا کە دەبەسترێتەوە بە ئەنجومەنی خۆجێیی حەلەب کە سەر بە هاوپەیمانی نەتەوەیی سەر بە شۆڕشگێر و ئۆپۆزسیۆنی سوریا کە لە لایەن میتەوە بەڕێوە دەبرێت. بەڵام راستەوخۆ بە میت و پارێزگاری هاتایەوە بەسترایەوە. بەم شێوەیە دەوڵەتی تورک ویستی پرۆپاگەندەی ئەوە بکات کە گوایان "عەفرین خۆی بەڕێوە دەبات" و بەم شێوەیە هەیمەنەی خۆی بسەپێنێت. بە هۆی ئەوەی ئەم پلانە نەگیشتە ئەنجام، دەستی کرد بە بەکارهێنانی رێبازی جیاوازتر.

تەنها کاروباری سەرژمێری خەڵک، پێدانی ناسنامەی تورکی و گوایان یارمەتیدانی رێکخراوەکانی یارمەتی تورکی و قەتەر وەکو ئەرک بەو ئەنجومەنە سپێردرا. لە بەڕێوەبەرایەتی عەفریندا هیچ کات نەبوون بە خاوەنی رۆڵ. فەرمانەکان هەموویان لە لایەن میت و پارێزگاری هاتایەوە دەهاتن.

بوون بە چاوساخی میت

لە هەر ٣٦٥ گوندەکەی عەفرین موختار دیاری کران. ئەو موختارانە وەکو چاوساخی میت لەو پۆستانە جێگیر کران. بۆ هەر موختارێک ٦٠٠ لیرەی تورکی وەکو مووچە بڕایەوە. بە تێەڕبوونی کات هەندێکیان گۆڕان. ماوە بۆ ماوەش میت ئەو موختارانە دەبات بۆ تورکیا و لەوێ پەروەردەیان دەکات.

میت هەروەها زۆر کەس لە عەفرین دەکات بە سیخور و داوایان لێدەکات ئەو کەسانە ئاشکرا بکەن کە پێشتر لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی خۆسەریی دیمۆکراتیک کاریان کردووە.

هیچ خانەوادەیەکی کریستیانی تێدا نەما

بەر لە داگیرکەری، لە عەفرین ٢٥٠ خێزانی کریستیان هەبوون. لە  ناوچەکە ٢٠ کەنیسە و پەرەستگای مەسیحییەکان هەبوون. گەورەترینیان کەنیسەی راعی ساڵح بوو کە ساڵی ٢٠١١ دروست کرابوو.

لەکاتی داگیرکەریدا هەم بە هۆی بۆردومانەوە، هەم بەهۆی هەڕەشەی "پێویستە سەری کافران بپەڕێنرێت" هەر ٢٥٠ خێزانی کریستیانەکان ئاوارەی حەلەب بوون. کەنیسە و شوێنە پیرۆزەکانیان رووخێنران. لە لایەکی دیکەوە چەتەکانی سوڵتان مورداد و چەتکانی ئەل شەرقیە ئەوەی لە ناوچەی کریستیانەکان تاڵانیان کرد، وەکو "غەنیمەت" بەسەر خۆیاندا دابەشیان کرد.

چەسپاندنی بە زۆرەمڵیی ئیسلامیەتی سوننە

بەر لە داگیرکاری لە ناوچەکە ١٥ مەزارگە و شوێنی پیرۆزی ئێزدی لێ بوو. لەگەڵ ئەمەشدا چەندین مەدرەسەی پەروەردەیی دینی هەبوون کە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی خۆسەرەوە دروست کرابوون. یەکێتی ئێزدییەکانی ناوەندی شارەکەشی لەگەڵدا بێت، زیاتر لە ١٠ مەزارگە رووخێنران. بەپێی ئامارەکانی رێکخستنی مافی مرۆڤی عەفرین، بەر لە داگیرکەریی لە عەفرین بە گشتی ٢٢ گوندی ئێزدی هەبوون کە ژمارەیان ٢٥ هەزار کەس بوو. بەڵام ئێستا بە هۆی ئەشکەنجە و بنپێکردنی مافی مرۆڤ، تەنها ٧ هەزار ئێزدی لە عەفرین ماون.لە گوندی ئێزدییەکان مزگەوتی لێدروست کران. ئێزدییەکان ئەشکەنجە دران و فشاریان بۆ هێنان کە واز لە ئایینەکەیان بهێنن بە ناچاری ئیسلام قبول بکەن و هاتوچۆی مزگەوت بکەن.  

بەر لە داگیرکەری، لە عەفرین زیاتر لە ٢٠ هەزار عەلەویش هەبوون. زۆربەیان دوای داگیرکردنی عەفرین، شارەکەیان بەجێ هێشت. ماڵەکانیان بەتاڵان بران. ئیسلامیەتی سوننە لە بەسەر عەلەوییەکاندا سەپێنرا. زیاتر لە ٣ هەزار ماڵیان بە تاڵان بران. ئێستا لە عەفرین ژمارەی عەلەوییەکان زۆر کەم بووەتەوە.

کوردی نۆکەریشیان ناوێت

زۆربەی کوردی وڵاتپارێز کە لە بەرامبەر داگیرکەریی، وەستانەوە بۆ ئەوەی لە عەفرین بمێننەوە، بەهۆی کوشتن و ئەشکەنجە و فڕاندن ناچار بوون عەفرین بەجێ بهێڵن. دەوڵەتی تورک لە دژی ئەو کوردانەی نۆکەریشیان بۆ دەکەن، دەوەستێتەوە. ئەو کوردانە لە ناو ئەنجومەنەکانی میت و پارێزگاری هاتایدا جێ دەگرن، لەگەڵ ئەوەی هەموویان ئەندامی ئەنەکەسەشن و بەشدارن لە داگیرکەریدا، رووبەرووی ئەشکەنجە و فشار بوونەتەوە. زۆرێک لە کوردە نۆکەرەکان بەهۆی فشارەکان، ناچار بوون عەفرین بجێ بهێڵن و رابکەن بۆ حەلەب و تورکیا و ئەوروپا و باشوری کوردستان.

بە پێی ئەو زانیارییانەی لە رێکخستنی مافی مرۆڤی عەفرینەوە بەدەستمان گەیشتوون، ٦٤ مامۆستای کورد بە بیانووی کاری سیاسی لە ئەرکەکانیان دوور خراونەتەوە. لە ماوەی ١٥-٢٠ رۆژدا چەندین کەس کە ئەندامی ئەنجومەنی هەرێمی عەفرینن، گیراون و چارەنووسی هەندێکیشیان نادیارە.

رێکخستنی مافی مرۆڤی عەفرین رایگەیاند لەم قۆناغەدا دەوڵەتی تورک، ئەو کوردانەی ئەندامی ئەنجومەنی عەفرین بوون و دەرکران، لە جێگایان کەسانی تورکمان و عەرەبیان جێگیر کردووە.

دەوتریێت ئەندامێکی ئاکەپە لە عەفرین بە ناوی سەرچوک بەو ئەنجومەنەی وتووە،"هەموو کوردێک پەکەکەن. ئێوە بە ناچاری لەگەڵ ئێمەدان."

ز.ش