لە حەسەکە مەراسیمێک بۆ ١٥ شەهیدی قەسەدە بەڕێوە چوو

هاوڵاتییانی ناوچەی حەسەکە تەرمی شەهید ئیسماعیل ئەل-مستۆ (سەخر تل حەمیس) شەڕڤانی قەسەدەیان بە مەراسیمێک لە گۆڕستانی شەهید دژوار بەخاک سپارد. لە مەراسیمەکەدا هاوکات ناسنامەی ١٤ شەهیدی دیکەی قەسەدە کە لە باغۆز شەهید ببوون، ئاشکرا کرا.

بە سەدان هاوڵاتی شارۆچکەی حەسەکە و دەوروبەری، جەنازەی شەهید ئیسماعی ئەل-مستۆ ناسراو بە (سەخر تل حەمیس)یان لە ئەنجومەنی شەهیدانی شارۆچکەکە وەریانگرت و بە کاروانێک بەرەو گۆڕستانی شەهید دژوار لە گوندی داودییە، بەڕێکرد.

لە گۆڕستان مەراسیمێکی سەربازی لە لایەن شەڕڤانانی قەسەدەوە ساز کرا و بە ناوی خۆبەڕێوەبەریی دیمۆکراتیکی هەرێمی جزیر و کەسوکاری شەهیدان، حسێن عەلی قسە کرد.

عەلی لەسەرەتای قسەکانیدا سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی کەسوکاری شەهیدان کرد و وتی:" شەهیدان سەرچاوەی سەرکەوتن و ئازادین و مەشغەلی رێگای دیمۆکراسین. لە سایەی شەهیدان ئازادیمان بەدەست هێنا. ئێمە وەکو گەلانی ناوچەکە، بە کورد و عەرەب و سوریانییەوە بۆ ئازادی خوێنی خۆماندا. گشت پێکهاتەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لەسەر هێڵی شەهیدان رێدەکەن و بە یەکەوە لەگەڵ دوژمن دەجەنگن."

دواتر بە ناوی هێزە سەربازییەکان و فەرماندەی ئەنجومەنی سەربازی شەداد سەیید ئەل-زوبەعی قسەی کرد و بەڵێنی بەردەوامبوونی رێگای شەهیدانیدا و وتی:"هێزەکانی سوریای دیمۆکراتیک لە دژی دوژمن شەڕ دەکەن و لە سایەی ئەواندا بەرامبەر بە دیکتاتوران سەرکەوتین. بەردەوامی دەدەین بە تێکۆشانمان بۆ ژیانێکی ئازاد و شەرەفمەندانە."

دوای قسەکان، رۆژدا ئەحمەد ئەندامی ئەنجومەنی کەسوکاری شەهیدان ناسنامەی شەهید سەخر تل حەمیسی خوێندەوەو رادەستی خانەوادەکەی کرد.

لە هەمان مەراسیمدا هاوکات ناسنامەی ١٤ شەهیدی دیکەی قەسەدە کە ساڵی رابردوو لە چوارچێوەی شەڕی رزگارکردنی باغۆزدا لە دژی چەتەکانی داعش شەهید ببوون، ئاشکرا کرا.

ناسنامەی ئەو چواردە شەهیدە بریتییە لە:

سعود مەعروف ناسراو بە (هانی حەسەکە)

بەشار سلێمانی ناسراو بە (عەگید حەسەکە)

محمد عارف ئەلفارس ناسراو بە (عەگید)

سامر ئەلعوبێید ناسراو بە (ئاگری حەسەکە)

محمد حسۆ ناسراو بە (دڵشێر حەسەکە)

قاسم عەلۆلۆ ناسراو بە (رۆژهات حەسەکە)

حسن کیاتان ناسراو (محمد حەسەکە)

عبدول لەتیق ئەیۆ ناسراو بە (لۆرانس ئامەد)

محمد سەواس ناسراو بە (ئالان حەسەکە)

ئییاد دەروێش ناسراو بە (دلۆڤان حەسەکە)

بەشار بەرکۆ ناسراو بە (دەرسم حەسەکە)

فادی خلێف ناسراو بە (زاگرۆس)

ئەسەد ئەلنەزال ناسراو بە (ئالان خابور)

عدنان ئەل-ساڵح ناسراو بە (باهۆز تلبراک)

دوای ئاشکراکردنی ناوی شەهیدەکانیش، بە وتنەوەی دروشم، تەرمی شەهید سەخر بەخاک سپێردرا.

ز.ش