لە عەفرین ٨ کەسی تری مەدەنی رفێنران

کردەوە تیرۆستیەکانی سوپا دەگیرکەرەکەی ئەردۆغان لە شاری عەفرین بەردەوامن. لەم چوارچێوەیەدا ٨ کەسی تری مەدەنی لە لایەن چەتەکانی دەوڵەتی تورکەوە رفێنران. جگە لەوەی لەماوەی ساڵ و نیوێکدا زیاتر لە ٢٢٧ هاوڵاتی مەدەنیش کوژراون.

سەرچاوەیەک لە ناوچەی شیی سەر بە عەفرین رایگەیاند کە چەتەکانی 'لیوا ئەلوەقاس' کەسانی مەدەنی دەفڕێنن و بۆ ئازادکردنیان داوای پارە لە کەسوکاریان دەکەن. بە پێی زانیارییەکان لە ٩ی تشرینی دووهەمەوە ٢ هاوڵاتی گوندی ئەنڤەل و سەنار بەناوەکانی ئیبراهیم عەبدۆ و زەکەریا محمد لە کاتی کاری کشتوکاڵیدا فڕێنراون و لە هەمان کاتدا تراکتۆرەکانیشیان دزراون و لە بەرامبەر ئازادکردنی هەر یەکێکیان چەتەکان داوای ٣ میلیۆن لیرەی سوری لە کەسوکاریان دەکەن.

لە ناوچەی شێراواش بە هەمان شێوە چەتەکانی 'فەیلەق ئەلشام' کە سەر بە داگیرکەرانی دەوڵەتی تورکن، لە ١٢ی تشرینی دووهەمدا ٦ کەسی تری مەدەنیی خەڵکی گوندی کەباشین رفێنران کە ناوەکانیان بریتین لە: ئیسماعیل جمۆ عەیدەر، حسێن عەبدۆ محمد، خەسان لوئەی عیسۆ، داهێر سلێمان عەبد و محمد عبدولقادر هندی.

سەرچاوەکان ئاشکرای دەکەن چەتەکانی گروپی فەیلەق ئەلشام کەسە رفێنراوەکانیان گواستووەتەوە بۆ گرتوخانەیەک لە گوندی ئیسکانی سەر بە ناوچەی شێراوا.

لە لایەکی ترەوە باس لەوە دەکرێت کە لە ناوەندی شاری عەفرینیش لە ١٢ی ئەم مانگەدا چەتەکانی تورکیا گەنجێکیان بە ناوی فەرهاد شێخ عەبدیان لە بەردەم دوکانەکەی خۆی رفاندووە، بەڵام لە بارەی چارەنووسی ئەو و کەسوکارییەوە هیچ زانیارییەک لە ئارادا نیە.

لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٨وە لەکاتی دەستپێکردنی هێرشە داگیرکەرییەکانەوە تا ئێستا بە هەزاران هاوڵاتی رفێنراون و بۆ ئازادکردنی زۆربەیان لە لایەن چەتەکانەوە پارە وەرگیراوە و ژمارەیەکیشیان بە خراپترین شێوە مامەڵەیان لەگەڵدا کراوەو ئەشکەنجە دراون و ژمارەیەکی زۆریشیان بە شێوەیەکی دڕندانە لە ژێر ئەشکەنجەدا کوژراون.

جگە لە رفاندنی هاوڵاتیانی مەدەنی، چەتەکانی سوڵتان مورادی سەربە دەوڵەتی تورکی داگیرکەریش لە ناوچەی بلبل، گۆرستانی تل مدەوریان تێکداوەو دار و درەختی ناوچەکەیان لە زەوییەوە هەڵکشاندووە.

نزیکەی دوو ساڵە داگیرکەری و تاڵان بەردەوامە

عەفرین لە لایەن دەوڵەتی تورک و چەتەکانیەوە داگیر کراوە. سوپای داگیرکەری رژێمەکەی ئەردۆغان لە ٢٠ی کانوونی دووهەمی ساڵی ٢٠١٨وە دەستی بە هێرشەکانی داگیرکەری کردووە و لە ١٨ی ئازادا عەفرین داگیر کرا. لە رۆژی داگیرکرنەوە تا ئەمرۆشی لەگەڵدا بێت، بە چەندین شێوە تاوانی شەڕ لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە ئەنجام دراون.

بە پێی ئامارەکان لە ساڵی ٢٠١٨وە زیاتر لە ٢٢٧ کەس کوژراون

بە پێی ئامارەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین، لە ٢٠ی کانونی دووەمی ٢٠١٨ەوە تا ئێستا ١٦٧ پیاو، ٢٨ ژن و ٣٢ منداڵ لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە کوژراون و ٦٣٨ کەسیش بریندارکراون.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین ڕاشێگەیاند، لەو ماوەیەدا نزیکەی ٦ هەزار هاوڵاتی ڕفێنراون کە بەشێکیان ژن و منداڵن و چارەنووسی ٣ هەزار کەسیان نادیارە.

داگیرکەران لە هەمانکاتدا دەستدرێژیان کردووەتە سەر سروشت و ژینگەی عەفرین. داگیرکەران نزیکەی ١٥ هەزار داری زەیتون و ١٥ هەزار داری عەرعەر و ١٠ هەزار داری سندی و ٣ هەزار جور داری دیکەیان بڕیوە کە تەمەنی هەندێکیان بۆ ٧٠ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین وتیشی، " ٣ تا ٥ ملیۆن دار بێ خزمەتگوزارین و لە لایەن داگیرکەرانەوە تاڵانکراون و لەگەڵ نزیکبوونەوەی لێکردنەوەی بەرهەمەکانەوە، تالانکردنیش زیاتر بووە.

بەر لە داگیرکاری لە عەفرین نزیکەی ٣٠٠ هەزار کارگەی دروستکردنی زەیتی زەیتون و ١٧ هەزار کارگەی دروستکردنی سابون لە عەفرین هەبوون، بەڵام لە ئیستادا بە تەنها ١٦٠ کارگەی دروستکردنی زەیتی زەیتون و ١٠ کارگەی دروستکردنی سابون ماون. داگیرکەری تورک و چەتەکانی باجێکی زۆر لە خاوەن کارگەکان وەردەگرن. لەبەرئەوە بەرهەمهێنانی زەیتی زەیتون و دروستکردنی سابوون کەمیکردووە. هەروەها بەرهەمی ئاژەڵداریش ٢٥٪ کەمیکردووە.

بە هۆی داگیرکاری دەوڵەتی تورکەوە زانیاری لەبارەی دۆخی هەندێک ناوچە نازانرێت. بەو هۆیەوە ئامارەکان لەوە زۆر زیاترن.

ز.ش