لە عەین عیسا لە نێوان چەتەکان و هێزەکانی رژێمدا شەڕ و پێکدادان روویدا

لە نزیک ناوچەی عەین عیسا لە نێوان گروپە چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و هێزەکانی رژێمی سوریا شەڕ و پێکدادان روویدا.

هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا کە لە ٩ی تشرینی یەکەمەوە دەستی پێکردووە، تا ئێستاش بەردەوامە.

بە پێی ئەو زانیارییانەی پێمان گەیشتوون، لە گوندی هەشلوم کە لە دووری٣٠ کیلۆمەترەوە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی ناوچەی عەین عیساوە، لە نێوان هێزەکانی رژێمی سوریا و چەتەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەروە، شەڕ و پێکدادان روویداوە. بە پێی زانیارییەکان، لەو شەڕەدا چەکی قوڕس بەکار دەهینرێت، بەڵام لە بارەی زیان و زەرەری هەردوولاوە هیچ زانیارییەکمان بەدەست نەگەیشتووە.

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر هاوکات لەگەڵ هێرشەکانی، گوندی فاتسا کە لە دووری ١٥ کیلۆمەترەوە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی ناوچەی عەین عیسا و نزیکە لە کۆگاکانی گەنم لە شەڕگیرەک، تۆپباران دەکات.

ز.ش