لە ناوەندى عەفرین ٣ تەقینەوەى گەورە روویاندا

لە ناوەندى عەفرین، کە لەلایەن دەوڵەتى تورکیاوە داگیرکراوە، لە شوێنێکى چەتەکان ٢ تەقینەوەى گەورە روویاندا. تەقینەوەیەکیش لە نزیک نەخۆشخانەى دەرسمێ ڕوویداوە. راگەیاندرا، ئەو تەقینەوانەوە کوژراو و بریندارى زۆریان لێکەوتووەتەوە.

بەپێى ئەو زانیارییانەى بە ئاژانسەکەمان (ANF) گەیشتوون، ئەمڕۆ چوارشەممە و لە کاتژمێر ١٢:٣٥ دا ٢ تەقیینەوە روویانداوە. ئەو ٢ تەقیینەوە لە شوێنێکى چەتەکانى بەرەى شامی لە نزیک شاڕێی کاوەى ئاسنگەر لە ناوەندى شارى عەفرین دا روویانداوە.  

ئاماژە بەوەدەکرێت، تەقینەوەکان لە رێگەى ئۆتۆمبێلى بۆمبڕێژکراوەوە ئەنجامدراون و ژمارەیەکى زۆر کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە. هەروەها تەقینەوەکان زیانێکى زۆریان بەو شوێنەى چەتەکان گەیاندووە، بەڵام تاوەکو ئێستا زانیارى روون لەبارەى ژمارەى کوژراوان و برینداران و زیانەکانى ئەو تەقینەوانە لە بەردەستدا نییە.

ماوەیەکی کەم لە دواى روودانى ئەو ٢ تەقینەوەیە، لە گەڕەکى فەیلەق دەنگى تەقینەوەیەکى تر بەرزبووەتەو. ئەو تەقینەوەیە لە نزیک نەخۆشانەى دەرسمێ ڕوویداوە و بە لانیکەمەوە ١١ چەتەى تیادا کوژراوە.

لە ئێستادا داگیرکەران و چەتەکان لە عەفرین کەوتوونەتە جموجوڵ و هەموو رێگاکانیان داخستووە.

تاوەکو ئێستا هیچ کەس و لایەنێک بەرپرسیارێتیى تەقینەوەکانى لە ئەستۆ نەگرتووە.

هێزەکانى دەوڵەتى تورکیاى داگیرکەر و چەتەکانى رۆژی ٢٠ى کانوونى دووەمی ٢٠١٨ / ٣٠ى بەفرانبار هێرشە داگیرکەرانەکانیان بۆ سەر عەفرین دەستپێکرد. رۆژی ١٨ى ئازاری ٢٠١٨دا / ٢٧ی رەشەممە، چوونە ناوەندى شارەکە. دەوڵەتى تورک و چەتەکانى لە عەفرین تاوانى رێکخراو و پلان بۆ داڕێژراو ئەنجام دەدەن. لە کاتى ئەو هێرشە داگیرکەرییەوە تاوەکو ئێستا سەدان هاووڵاتیى مەدەنى کوژران و سەدانى تریشیان رفاندووە. ماڵ و خانووى هاووڵاتیانیان تاڵانکرد و تەقاندنییانەوە و دەستیان بەسەردا گرتن. چەندین شوێنەوارى مێژووییان خاپوور کرد. بەپێى راپۆرتى رێکخراوى هیومان رایتس وۆچ (رێکخراوى چاودێریى مافەکانى مرۆڤ - HRW)، کە ماوەیەک لەوە پێش بلاوکرایەوە، چەتەکانى دەوڵەتى تورکیا لەعەفرین دەستیان بەسەر ماڵ و موڵکى هاووڵاتییانى کورد دا گرتووە و ماڵ و موڵکیان تاڵان دەکەن.

ر.م