لە کۆبانێ یەکەم خانەى بێسەرپەرشتان دەکرێتەوە

بە دەستپێشخەریى ئەنجوومەنی (وەقفی) ژنانى ئازاد لە رۆژئاوا، لە کۆبانێ یەکەم خانەى بێسەرپەرشتان دەکرێتەوە. ئامانجی خانەکە ئەوەیە خاوەندارى لەو منداڵانە بکات، کە لە شەڕدا بنەماڵەکانیان لە دەستداوە.

بە دەستپێشخەریى ئەنجوومەنى ژنانى ئازاد لە هەرێمى جزیر و دەستەى هەرەوەزیى ئەنجوومەنى ژنانى ئازاد لە هەرێمى فورات و بە هاوکاریى دارایى رێکخراوەکانى دەرەوە، ئامادەکارییەکانی کردنەوەى یەکەمین خانەى بێسەرپەرشتان لە کۆبانێ تەواو بووە.

لە شۆڕشى رۆژئاوا و ئەو شەڕانەدا گەلی هەرێمەکە لە دژی تیرۆر ئەنجامیانداوە چەندین منداڵ بنەماڵە و خێزانەکانیان لە دەستداوە و بێسەرپەرشت بوون. بە تایبەتى ژمارەى ئەو منداڵانە لە کۆبانێ بەرچاوە. شارى کۆبانێ چەندین هێرشى لەلایەن چەتەکانەوە کراوەتە سەر و گەلی هەرێمەکە بە بەرخۆدانێکى گەورە و بێ وێنە بەرەنگاری ئەو هێرشانە بوونەوە. چەتەکان هەوڵیاندا کۆمەڵکوژی ئەنجام بدەن و بەهۆی ئەو هیرشانەوە چەندین بنەماڵە کوشتارکران و ژمارەیەکى زۆر منداڵ بێسەرپەرشتیار و کەسوکار بوون.

بۆ دروستکردنى دوارۆژێکى رووناک بۆ ئەو منداڵانە، ئەنجوومەنى ژنانى ئازاد لە هەرێمى فورات خانەیەکى بێسەرپەرشتانى دروستکردووە بۆ ئەوەى ئەو منداڵانە ببن بە خاوەنى شوێنێکى ئارام و بە باشی پەروەردە بکرێن. ئەنجوومەنى ژنانى ئازاد لە ساڵی ٢٠١٥ەوە دەستیکردووە بە دروستکردنى پرۆژەى خانەى بێسەرپەرشتان و ئێستا کارەکانى ئەو خانەیە تەواو بووە.

منداڵەکان لەو خانەیەدا، پەروەردەى رۆشنبیری دەکرێن و فێرى زمانەکانى عەرەبی و کوردی و ئینگلیزى، کۆمپیوتەر، هونەر و وەرزش دەکرێن.

خانەى بێسەرپەرشتان لە ٢ بینا و ٢١ ژوور پیکهاتووە. هەر بینایەک ٣ نهۆمە. منداڵەکان لە بینایەکیاندا پەروەردە دەکرێن و لە بیناکەى تریشدا دەحەوێنەوە. لە هەر دوو بیناکەدا باخچە و شوێنى یاریى منداڵ دابینکراوە.

خانەى بێسەرپەرشتان لە مانگى ئابەوە ٥٠ منداڵی بێسەرپەرشتی کۆبانێ وەردەگرێت و دەیانحەوێنێتەوە. بۆ پەروەدەکردن و سەرپەرشتیى کردنی ئەو منداڵانە ١٨ مامۆستا و فەرمانبەری ژن ئەرکدارکراون. بەپیى وتەى بەرپرسان، بڕیارە بەمزوانە خانەى بێسەرپەرشتان لەلایەن کەسوکارى ئالان-ەوە بکرێتەوە.

ر.م