مەزڵوم: ورەی شەڕڤانان تەکنەلۆژیاى هاوچەرخى بێکاریگەر کرد

لە بەرخۆدانى سەردەمى عەفریندا شەڕڤانانى یەپەگە و یەپەژە دەیان چیرۆکى پاڵەوانانەیان تۆمار کرد. سۆزدار مەزڵوم شەڕڤانى یەپەژە و بەشداربووى ئەو بەرخۆدانە دەڵێت "ورە و ئیرادەى شەڕڤانان تەکنەلۆژیاى سەربازیى هاوچەرخى بێکاریگەرکرد".

سۆزدار مەزڵوم شەڕڤانى یەکینەکانى پاراستنى گەل (یەپەژە) یەکێک لە شەڕڤانانى یەپەژە بوو، کە هەموو کات دەیویست بچێتە بەرەى پێشەوەى شەڕ و لە دواى ١٠ رۆژ لە هێرشى داگیرکەرى بۆ سەر عەفرین، ئەو داوایە هاتەدی. مەزڵوم بە ورە و حەماسەتێکى گەورەوە چووە ناوچەى راجۆ بۆ شەڕ لە دژی داگیرکەران.

سۆزدار مەزڵوم شەڕڤانى یەپەژە لە بەرخۆدانى سەردەمدا لە راجۆ بریندار بوو. ئێستا بە هەستیارییەوە چیرۆکى بەشداربوون و چۆنیەتى شەڕ لە دژى داگیرکەرانمان بۆ دەگێڕێتەوە.

لە ١٠هەمین رۆژى شەڕدا داواکەى پەسەند کرا

"کاتێک هێرشى داگیرکەرى لە دژى عەفرین دەستیپێکرد، من زۆر دەمویست لە ریزى پێشەوەى بەرخۆدانەکەدا لە دژى داگیرکەرى بەرگرى بکەم. زۆر بۆ من سەرنجڕاکێش بوو، کە شەڕڤانانى ئازادى چۆن لە دژى ٧٥ فڕۆکەى جەنگى و سەدان تانک و تۆپ و دەزگاى سیخوڕی بەرگری و بەرخۆدان دەکەن. بەرخۆدانەکە لە ١٠هەمین رۆژى نزیک دەبوویەوە. هەر پێداگربووم لەوەى کە بچمە بەرەى پێشەوەى شەڕ. لەسەر داوا و پێداگرییەکەم لە رۆژى ١٠هەمیندا بڕیاى چوونم بۆ عەفرین بۆ بەرەکانى پێشەوەى شەڕ پەسەند کرا. کاتێک بڕیارەکە پەسەند کرا، بە حەماسەت و ورەیەکى زۆر جیاواز و گەورە پێشوازیم لەو بڕیارە کرد و ئیدى من چووم بۆ بەرەى پێشەوەى جەنگە گەورەکەى سەردەم".

ورەى گەل هێزى پێدەبەخشیین

کاتێک ئێمە چووینە عەفرین، ئەوەى زۆر بۆ من سەرنجڕاکێش بوو ورە و حەماسەتى گەل بوو. شانبەشانى گەل شەڕڤانان لە دژى ئەو هەموو فڕۆکە جەنگى و تانک و تۆپانە بە ورە و ئیرادەیەکى زۆر زۆرەوە بەرەنگارییان دەکرد. دۆخێکى پێچەوانە دروست بوو بوو، دوژمن لە ترسێکى زۆر گەورەدا بوو. عەفرین بوو بە وارگەى پاڵەوانێتى و قارەمانی.

لە بەرەى راجۆ شەڕیکرد

کاتێک چوومە عەفرین بەرەو ناوچەى راجۆ رۆیشتم، کە یەکێک بوو لە ناوچە زۆر ستراتیژییەکان و دوژمن هێرشى زۆر قورس و چڕى لە دژ ئەنجام دەدا. بەرخۆدانى شەڕڤانان لە دژى ئەو هێرشانە لە بەرزترین ئاستدا بوو و بەرخۆدانێکى مێژوویى بوو.

عەفرین پاڵەوانێتیى خۆڵقاند

لە بەرخۆدانى سەردەم لە عەفریندا قارەمانتێى و پاڵەوانێتیى زۆر ئەنجامدران. یەک لەو پاڵەوانانە رێبەر کۆبانێ بوو. رێبەر کۆبانێ سەرچاوەى ورە بوو بۆ هەموو هەڤاڵەکانى. لە بەرخۆدانەکەدا رۆڵێکى زۆر گەورەى دەگێڕا. قارەمانانە شەڕی کرد تا ئەو کاتەى شەهید بوو.

هاووڵاتییانى مەدەنییان کردە ئامانج و دەستیان کرد بە کوشتنى ژنان و منداڵان

دەوڵەتى تورک و رژێمى ئەردۆغان، کە دەیانەوت لە چەند رۆژدا عەفرین داگیر دەکەن، لە بەرامبەر بەرخۆدانى شەڕڤاناندا بۆ ماوەى ٥٨ رۆژ نەیانتوانى هەنگاوێک پێشڕەویى بەرچاو بکەن. کاتێک بینییان ناتوانن بچنە عەفرین، دەستیان بە کوشتارى هاووڵاتییانى مەدەنى کرد و نەخۆشخانەى ئاڤرین و هاووڵاتییانى مەدەنى و بریندارانیان بۆردومانکرد. بۆ ئەوەى پێش لە کوشتاری هاووڵاتییان بگیرێت بڕیاردرا، گەل لە عەفرین بگوێزرێتەوە و هەڵمەتى بەرخۆدانى سەردەم بچێتە قۆناغێکى نوێترەوە.

عەفرین ئازاد دەبێت

دەبێت هەموو کەس لەوە باش تێبگات، کە عەفرین بۆ دوژمن نابێت. بۆ ئازادیى عەفرین تاوەکو دوا هەناسە بەرخۆدان و بەرگری دەکەین".

ر.م