هێزەکانی ڕزگاری عەفرین چالاکیان ئەنجامدا: ٦ چەتەی داگیرکەر کوژران

هێزەکانی ڕزگاری عەفرین لە عەفرین و عەزاز چالاکیان ئەنجامدا و لە ئەنجامدا ٦ چەتەی داگیرکەر کوژراون و دوو سەربازیش برینداربوون.

ئەمڕۆ هێزەکانی ڕزگاری عەفرین لەسەر چالاکییەکانی شەڕڤانان لە عەزاز، شێراوا و گوندەکانی دەوروبەری عەفرین و تۆپبارانەکانی سوپای داگیرکەری تورک و چەتەکانی، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ڕۆژی ١٧ی ئەم مانگە هێزەکانمان لە ناوچەی عەزاز، دژی بارەگایەکی سوپای داگیرکەری تورک چالاکییان ئەنجامدا، لەو چالاکییەدا دوو سەربازی تورک برینداربوون.

لە بەردەوامی هاتووە: شەوی ١٧ و بەرەبەیانی ١٨ی ئەم مانگە لە گوندی بەرادێ لە ناوچەی شێراوا، هێزەکانمان دژی چەتەکانی سوپای داگیرکەری تورک دوو چالاکییان ئەنجامدا، لەو چالاکییانەدا شەش چەتەی فیرقەی حەمزە کوژران.

لە کۆتاییشدا هاتووە: هەر لەو ڕۆژانەدا سوپای داگیرکەری تورک زۆربەی گوندەکانی هەرێمی عەفرین و شەهبایان بە چەکی قورس تۆپباران کرد، جموجوڵی فڕۆکە سیخوڕییەکان هێشتاش لە ناوچەکە بەردەوامە.

ف.ق