پوتین و ئەردۆغان بڕیاری ئاگربەستیاندا

لە ئەنجامی کۆبوونەوەی نێوان پوتین و ئەردۆغان لە مۆسکۆ کە تایبەت بوو بە باردودۆخی ئیدلب، بڕیاری ئاگربەستدرا. هاوکات لە بارەی بارودۆخی ئیدلبەوە هەر دوولا رێکەوتنێکی هاوبەشیان راگەیاند.

دوای ٢ کاتژمێر کۆبوونەوەی نێوان ڤیلادمێر پۆتین سەرۆکی روسیا و ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا و هاوکات ٣ کاتژمێر کۆبوونەوەی نێوان شاندی هەردوولا، رێکەوتنێکی هاوبەش راگەیێندرا کە خۆی لەوەدا دەبینێتەوە کە لەکاتژمێر ١٢:٠٠ی ئەمشەوەوە لە ئیدلب ئاگربەست بکرێت و شەڕ بووەستێت، دواتر درێژە بە گفتوگۆکانیان بدەن.

بەر لە ئاشکراکردنی رێکەوتنە هاوبەشەکە، لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا پۆتین ڕایگەیاند، گروپە چەکدارەکان لەناو ئیدلب هێرش دەکەنە سەر خەڵکی مەدەنی و دەیان کوژن و ئاوارەیان دەکەن، بۆیە ئەم دۆخە پێیویستی بەچارەسەر هەیە، بۆ ئەوەش ئەوان ئاگاداری تورکیایان کردووە.

سەرۆکی روسیا باسی لەوەش کرد، وێڕای جیاوازی سیاسیان لەسەر دۆخی سوریا، بەڵام گفتوگۆی بەردەوامیان هەبووە بۆ ئەوەی دۆخەکە هێوەر بکەنەوە، جەختیشی کردەوە هەردوولا بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان بۆ دابینکردنی ئارامی لە ئیدلب.

هەر لە قەسەکانیدا پۆتین ئەوەی خستەڕوو، کە گروپە چەکدارەکان ڕۆژانە خەڵکی مەدەنی دەکەنە ئامانج، بۆیە شەڕ لەدژی ئەو گروپانە ڕاناگیرێت و بەردەوام دەبێت.

دواتر ئەردۆغان قسەی کرد و رایگەیاند کە رژێمی سوریا هێرش دەکاتە سەر خەڵکی مەدەنی و ئیدیعای ئەوەشی کرد کە ئامانج ئەوەیە تورکیا بێکاریگەر بکەن.

ئەردۆغان وتیشی، بەپێی ڕێکەوتنی سوچی توانیبوویان لەگەڵ روسیا جۆرێک لە ئارامی لە ئیدلب دەستبەر بکەن و ناوچەیەکی ئارامیان دروست کردبوو، بەڵام ڕژێمی سوریا ئەو ئارامییەی تێکداو هێرشی کردە سەر خەڵکی مەدەنی ئەو ناوچەیە.

هەردوو سەرۆکی روسیا و تورکیا ڕایانگەیاند کە گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێکی هاوبەش بۆ ئەوەی لەم شەو، کاتژمێر ١٢:٠٠ ئاگربەست لە ئیدلب دەستپێبکات و شەڕ ڕابگیرێت دواتریش هەنگاوەکانی دیکە لە ڕۆژانی داهاتوودا بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ دەستپێبکات.

لە رێکەوتنە هاوبەشەکەی نێوان هەردوولادا کە لە لایەن سێرگی لاڤروڤ وەزیری دەرەوەی روسیا و مەولود چاویش ئۆغلو وەزیری دەروەی تورکیاوە خوێندرایەوە ئەم خاڵانە لە خۆ دەگرێت:

- لە سەرتاسەری ئەو هێڵەی ئیدلب کە ناکۆکی تێدایە، لە ٦ی ئازار کاتژمێر ٠٠:٠١وە هەموو چالاکییەکی سەربازی دەوەستێندرێت.

- لە باکوری رێگای M4ی حەڵەب-لازقییە ٦ کیلۆمەتر و لە باشورەکەشی بە قوڵایی ٦ کیلۆمەتر هێڵێکی ئەمنی دروست دەکرێت و لە ماوەی ٧ رۆژیشدا بڕیاری گرنگی لەبارەوە دەدرێت.

- کاروانە سەربازییەکانی روسی و تورکی لە ١٤ی ئازارەوە لە ناوچەی ترومباوە تا عین ئەلهاوار دەست بە گەشتە هاوبەشەکانیان دەکەن.

ز.ش