'پەیەدە پێشەنگی چارەسەرکردنی قەیرانی سوریایە'

پارت و رێکخستنەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا کە بەشدارن لە هەشتەمین کۆنگرەی پارتی یەکێتی دیمۆکراتیک پەیەدە-دا رایانگەیاند، تاکە پارت کە بتوانێت قەیرانەکانی سوریا چارەسەر بکات و ببێت بە پێشەنگ بۆ یەکێتی و یەکڕیزی کورد، پەیەدە یە.

هەشتەمین کۆنگرەی پەیەدە کە بە دروشمی "بە رێگای یەکێتی دیمۆکراتیک، کۆتایی بە داگیرکاری دەهێنین، پەرە بە بەڕێوەبەری خۆسەر دەدەین و سوریایەکی دیمۆکراتیک بونیاد دەنێین' لە شارۆچکەی رمێلانی قامشلۆ دەستی پێکردبووە، بەردەوامە.

کۆنگرەکە دوای بانگەوازی و پەیامی هاوسەرۆکانی پەیەدە، بە پەیام و قسەکانی بەشداربووان بەردەوامە.

ئیبراهیم ئەلقەفتان سەرۆکی پارتی دواڕۆژی سوریا لە کۆنگرەکەدا قسەی کرد و رایگەیاند، ئەوان ئاواتیان ئەوە بوو پەیامەکانی ناو ئەم کۆنگرەیەیە لە لایەن شەهید هەڤرین خەلەف سکرتێری گشتی پارتەکەیانەوە پێشکەش کرابا کە بە دەستی چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە شەهید بوو.

ئەلقەفتان پیرۆزیایی سازکردنی کۆنگرەکەی کرد و هیوای خواست کە ئەو بڕیارانەی لەم کۆنگرەیەدا دەدرێن خزمەتی گەلی سوریا و چارەسەرکردنی ئاڵۆزییەکان بکەن. هەروەها تیشکیشی خستە سەر ئەوەی پەیەدە لەگەڵ پارتەکانی دیکە، خاوەنی پێگەی جێبەجێکردنی بەرپرسیاریەتی گەورەیە بۆ بەهێزکردنی دیالۆگی سوری-سوری و بونیادنانی سوریایەکی فرەڕەنگ و دیمۆکراسیی.

مەسەدە:لە چارەسەرکردنی قەیرانەکانی سوریادا پارتێکی پێشەنگە

دواتر ئەمینە عومەر هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیمۆکراتیک-مەسەدە قسەی کرد و وتی:"سازکردنی ئەم کۆنگرەیە لە قۆناغێکی وەها دا، بەرپرسیاریتان دەسەلمێنێت لە بەرامبەر گەلەکەتان. پارتی یەکێتی دیمۆکراتیک لە پێشکەشکردنی چارەسەرییەکی دیمۆکراتیک کە خزمەت بە یەکێتی خاکی سوریا و چارەسەرکردنی پرسی کورد دەکات، هەمیشە پێشەنگ بووە. ئێمە لە قۆناغێکی هەستیارەوە تێدەپەڕین، بۆیە ئاڵۆزی سوریا هەم قوڵتر بوونەتەوە، هەم درێژتر. تا ئێستا کۆمەلگای نێودەوڵەتی نەیتوانیوە چارەسەری بۆ ئاڵۆزییەکانی سوریا بدۆزێتەوە و کۆتایی بە ئازاری گەلانی سوریا بهێنێت، لەگەڵ ئەوەی دەزانن شەڕ تەنها کوشتن و وێرانکاری و تاڵان بەدوای خۆیدا دەهێنیت."

کەسوکاری شەهیدان: ئێمە داوای یەکێتی نەتەوەیی دەکەین

عاریف باڵی هاوسەرۆکی کۆنسەی کەسوکاری شەهیدانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا پیرۆزیایی سازکردنی کۆنگرەکەی کرد و رایگەیاند، داوا سەرەکییەکەی خانەوادەی شەهیدان یەکێتی نەتەوەییە.

کەمئەندامانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا: پەیەدە پارتی نەتەوەی دیمۆکراتیکە

لە نامەیەکی یەکێتی کەمئەندامانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا دا کە ئاڕاستەی کۆنگرەکە کرابوو، خوێندرایەوە و تێیدا هاتوو:"پەیەدە پارتێکە کە شایەنی پێوانەکانی نەتەوەی دیمۆکراتیکی رۆژئاوا و باکور و رۆژهەڵاتی سوریایە.

کۆنگرەی ستار: کلیلی چارەسەری قەیرانەکانی سوریا لێرەیە

ئەڤین سوێد وتەبێژی کۆنگرەی ستاریش قسەی کرد و رایگەیاند، کلیلی چارەسەری ئاڵۆزییەکانی سوریا لێرەیە.

عەبد:پەیەدە بوو بە پاسەوان و رەنجدەری شۆرش

هەمدەم ئەل-عەبد جێگری هاوسەرۆکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریاش پیرۆزبایی سازکردنی کۆنگرەکە کرد و وتی:"پەیەدە بۆ برایەتی گەلانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا رۆڵێکی گرنگی بینی. لە هەمان کاتدا بوو بە پارتی پێشەنگ بۆ پاراستنی شۆڕش و پاسەوان و رەنجدەر."

قەسەدە:هیوادارین پەیەدە رۆڵێکی زیاتر ببینێت

رێزان گولۆ راوێژکاری هیزەکانی سوریای دیمۆکراتیک-قەسەدە لەسەر ناوی قەسەدەوە قسەی کرد و بەبیری هێنایەوە کە پێویستە پەیەدە بۆ سوریایەکی دیمۆکراتیک رۆڵێکی زیاتر ببینێت.

پارتی یەکێتی سوریا:کۆتایی بە داگیرکاری تورکیاش دێت

سەنحەریب بەرسوم هاوسەرۆکی پارتی یەکیتی سوریانیش قسەی کرد و وتی:"پەیەدە لە ساڵەکانی رابردوودا چەندین قوربانی داوە و بەم قوربانییانە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دامەزرا. چونکە پەیەدە ئەم فکرەی پێشکەش کرد و پێکهاتەکانی هەرێمەکەش قبوڵیان کرد.ئەمە شۆڕشی یەکگرتنی راستەقینەیە و ئەنجامی تێکۆشانی پارتێکە کە بۆ جێبەجێکردنی داواکاری گەلان تێدەکۆشێت. وەک چۆن هەموو ئەو هێزانەی لەناو برد کە هێرشیان کردە سەر ناوچەکە، بە هەمان شێوە کۆتایی بە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورکیاش دێنێت."

ز.ش