چالاکیی لاوانی ڕۆژئاوا لە دەروازەی سنووری سێمێلکا کۆتایی پێهات

چالاکی ئێشکگری لاوانی ڕۆژئاوای کوردستان و باکوری سووریا، کە لە ڕۆژی ٢٤ی تەموز/٣ی گەڵاوێژ لە دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا لە باشوری کوردستان دەستیپێکردبوو، بە خوێندنەوەی بەیاننامەیەک کۆتایی پێهات.

 

ڕێکخراوی لاوانی ڕۆژئاوای کوردستان و باکوری سووریا ڕۆژی ٢٤ی تەموز/٣ی گەلاوێژ بۆ شەرمەزارکردنی داگیرکارییەانی دەوڵەتی تورکیا لە خاکی باشوری کوردستان ڕێپێوانێکی بەرەو باشووری کوردستان و پاشان قەندیل دەستپێکردبوو، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق ڕێگری کرد و چالاکییەکە لە پشت دەرگای سنووریی سێمێلکا مایەوە.

چالاکییەکە دوێنێ بە ئامادەبوونی سەدان ئەندامی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و نوێنەرانی حزبەکان و کۆتایی پێهات.

لە مەراسیمی کۆتاییهێنان بە چالاکییەکە عاکیف موستەفا، لەسەر ناوی یەکێتی لاوانی ڕۆژئاوا قسەی کرد و هێرشەکانی سەر شەنگال و خاکی باشوری کوردستانی شەرمەزار کرد، هەروەها هاوکارییەکانی پەدەکە-ی بۆ ئەو داگیرکارییانە وەبیر هێنایەوە.