چەتەکان لە عەفرین بەربوونە یەکتر

گروپى چەتەکانى ئەحرار شەرقییە و جەبهەی شامی لە عەفرینی داگیرکراودا بەربوونە یەکتر. عەفرین لەلایەن دەوڵەتی تورکیا و ئەو گروپە چەتانەوە داگیراوە.

 گروپی چەتەکانى ئەحرار شەرقییە و جەبهەی شامی شەوی یەکشەممە لە عەفرین بەربوونە یەکتر.

بەپیى زانیارییە هەرێمییەکان، دواى ئەوەى چەتەکانى ئەحرار شەرقییە لەگەڵ "پۆلیسی سەربازی" کە کلکی دەوڵەتى تورکیان، بوو بوو بە شەڕیان، لە عەفرینیش شەڕ لە نێوان ئەحرار شەرقییە و جەبهەی شامی روویدا.

لە رۆژی شەممەوە لە عەزاز شەڕ دەستیپێکردووە. گروپێکى چەتەی سەر بە عەشیرەتى شەهادەت و حەسەنییە لە عەزاز بوو بە شەڕیان. پۆلیسی سەربازی کە لەلایەن دەوڵەتى تورکیاوە لەو ناوچەیە دروستکراوە، گروپى چەتەکانى ئەحرار شەرقییەى بە بەرپرسیاری ئەو شەڕە دەزانی و دەستیکرد بە دەستگیرکردنى ئەندامەکانى ئەو گروپە.

بنەماڵەکانی کەمپی سوجۆ بەهۆی شەڕی گروپە چەتەکانەوە دەستیانکردبوو بە چۆڵکردنی ناوچەکە. دەوڵەتی تورکیاش بە زرێپۆش خۆی کردبوو بە کەمپەکەدا و هەوڵی دابوو رێ لە چوونەدەرەوەى بنەماڵەکان بگرێت.

سەرباری ئەوەش ژمارەیەکى زۆر بنەماڵە لە کەمپەکە چوونە دەرەوە و لە گوندی سەلمە و سوجۆ گیرسانەوە.

بەشێک لە دانیشتوانی هەرێمى تەل رەفعەت و شەهبا و بنەماڵەى گروپە چەتەکان، کە لە ناوچەی دێرەزۆرەوە رایانکردووە لە کەمپی سوجۆی عەزاز دان.

بەهۆی شەڕەکەى رۆژی شەممەوە منداڵێک بە ناوی مستەفا محەمەد نەجاڕ کوژرابوو.

ئاماژە بەوەش دەکرێت لە هەرێمەکانى جەرابلوس و مارع بارگرژی و ئاڵۆزی لە نێوان چەتەکانى ئەحرار شەرقییە و گروپەکانى تردا روویداوە.

ر.م