چەتەکان لە عەفرین گروپ گروپ زەیتون دەدزن

چەتەکانى دەوڵەتى تورکیا لە عەفرین گروپ گروپ دزی لە زەیتونەکانى عەفرین دەکەن.

بەپێى زانیارییەکان نزیکەى ٨٠ چەتەى دەوڵەتى تورکیا لە عەفرین دەستیان کردووە بە دزینى زەیتونی هاووڵاتییان و زەیتونەکانیان بردووە بۆ کارگەیەک و هەوڵیانداوە زەیتى زەیتونی لێدروست بکەن.

بە زۆر ئاڵاى تورکیا هەڵدەواسن

هاوکات دەوڵەتى تورکیا و چەتەکانى هەوڵ دەدەن بە زۆر ئاڵاکەیان بە هەموو شوێنێکدا هەڵبواسن. هەڕەشە لە هاووڵاتییان دەکەن و دەڵێن، ئەگەر ئاڵاکە هەڵنەواسن سزای پارە دەدرێن.

داگیرکەری و تاوانەکانیان

هێرش بۆ داگیرکردنى عەفرین لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨ دەستیپێکرد و رۆژی ١٨ی ئازاری ٢٠١٨ داگیرکەران چوونە ناو شاری عەفرین و ئەو شارەیان داگیرکرد. داگیرکەران لە هەموو ناوچە داگیرکراوەکاندا بەشێوەى بەرنامە بۆداڕێژراو تاوانى جەنگ و تاوانى دژی بە مرۆڤایەتییان ئەنجامداوە. جگە لە کۆمەڵکوژی کە لە کاتى هێرشە داگیرکەرییەکان ئەنجامیاندا، تاوەکو ئێستاش هەموو رۆژێک هەواڵی کوشتن، رفاندن، ئەشکەنجەکردن، تاڵانکردن، دەستدرێژی و پەلاماردان بەرامبەر بە هاووڵاتییان ئەنجام دەدەن.

تاوانى داگیرکەران لە راپۆرتە نێودەوڵەتییەکاندا

رێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى (ئەمنستى ئینتەرناشناڵ) لە سەرەتاى مانگى ئابدا لە راپۆرتێکدا رایگەیاند، بەشێوەى زۆر قورس و بە چڕی مافەکانى مرۆڤ لە عەفرین پێشێل دەکریت. راشیگەیاندبوو، دەوڵەتى تورکیا شارەکەى داگیرکردووە و لەو تاوان و پێشێلکارییانە بەرپرسیارە.

هەروەها رێکخراوى چاودێریى مافەکانى مرۆڤ (هیومان رایتس وۆچ) لە مانگى حوزەیراندا لە راپۆرتێکیدا رایگەیاندبوو، گروپەکانى سەر بە تورکیا لە عەفرین ماڵ و موڵکی هاووڵاتییانى کوردیان تاڵانکردووە و و دەستیان بەسەردا گرتوون.

ر.م