کۆبانێ بە مەراسیمێک شەهیدەکانی بەخاکسپارد

سەدان هاوڵاتی دانیشتووی کۆبانێ، تەرمی چوار شەهیدی بەرخۆدانی شەرەفیان لە گۆرستانی شەهید دیجلە بەخاکسپارد.

تەرمی هەریەک لە (ئەحمەد عوسۆ 'بەرخۆدان قۆمەلخ'، عەبدوڵا قادر 'برووسک کۆبانێ'، مەروان تورکی 'مەروان' و ئاگر ئامەد 'زووهات')ی شەڕڤانانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک کە لە گوندەکانی سەر بە گری سپی لە چوارچێوەی بەرخۆدانی شەرەف لە وەڵامی هێرشەکانی سوپای تورکی داگیرکەر و چەتەکانی شەهید ببوون، بە مەراسیمێکی جەماوەری لە گۆڕستانی شەهید دیجلە بەخاک سپێردران.

مەراسیمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستیپێکرد. دواتر 'نەبۆ تەمۆ' سەرۆکی نووسینگەی پاراستنی کانتۆنی فورات، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدان کرد و وتی: "شەهیدان بە گیانبەختکردنیان دەبن بە پردێک بۆ ئەوەی بگەنە رێگەی سەرکەوتن و ئاشتی. پێویستە ئێمە لەسەر رێبازی شەهیدەکانمان بین و لە بەرانبەر ئەو هێرشکەرە بوەستینتەوە کە هەوڵ دەدات ئاسایشی ناوچەکە بشێوێنێت".

دواتر رۆهات مەلا، ئەندامی کۆنگرەی ستار وتی: "ئەم وڵاتە لە ئاسایشدا بوو و سوپای تورکی داگیرکەر هەوڵ دەدات ئەو ئاسایشە تێک بدات. بۆیە ڕێگەی لێدەگرین و لە بەرخۆدانی خۆمان بەردەوام دەبین".

دواتر ناسنامەی شەهیدان لەلایەن ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدانەوە خوێندرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەکانیان کران.

تەرمی شەهیدان لەناو دروشم و هەلهەلەی دایکان بەخاک سپێردران.

ف.ق