بە سەرۆکایەتیی سیناتۆر لۆرێنس کۆهێن ئەندامی حزبی کۆمۆنیستی فەرەنسا ١٠٢ پەرلەمانتار لە پارتە جیاوازەکانی فەرەنسا بەیاننامەیەکی هاوبەشیان لەسەر هەڕەشە و داگیرکاریی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بڵاوکردەوە. سیناتۆر و پەرلەمانتارە فەڕەنسییەکان ڕایانگەیاند، دوای هەڵگیرسانی شەڕی ڕووسیا لە دژی ئۆکرانیا، ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا سوود لە رۆژەڤی پڕ و تەواوی جیهان و بێدەنگیی میدیا نێونەتەوەیەکان وەرگرت و پلانی داناوە هێرش بکاتە سەر کورد لە باکوری سوریا.
پەرلەمانتارانی فەرەنسا ڕایانگەیاند، لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا سەرەڕای خراپی بارودۆخی جەنگ، گەلی کورد، عەرەب، ئاشووری- کلدانی، ئەرمەنی و هەموو گەلانی دیکە پێکەوە دەژین و ڕاشیانگەیاند: "هەوڵ دەدەن سیستمێکی دیمکراتیک، فمینیست و ژینگەپارێزی دابمەزرێنن. ئەوان بە دیالۆگ بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی هەمیشەیی لە نێوان گەلان دا تێدەکۆشن".
'نابێت وڵاتانی ڕۆژئاوا لە تاوانەکانی جەنگ بێدەنگ نەبن'
پەرلەمانتارانی فەرەنسا هێرشە داگیرکارییەکانی ساڵی ٢٠١٩ی دەوڵەتی تورک بۆ سەر گرێ سپی و سەرێکانییان بەبیرهێنایەوە و وتیان: "چیتر نابێت وڵاتانی ڕۆژئاوا سەیری تاوانی جەنگ و پێشێلکارییەکانی سوپای تورک بکەن".
پەرلەمانتاران ڕاشیانگەیاند، تێکۆشانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە دژی داعش لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە بە ئەرێنی هەڵسەنگێندرا و داوایان لە دەوڵەتانی ڕۆژئاوا و بە تایبەتی ئیدارەی پاریس کرد:
"ئەم دۆخە پەیوەندیی بە هەموومانەوە هەیە نەک هەندێک و دەبێت ئێمە ڕێگە بە سوپای ئەردۆغان نەدەین جارێکی تر هێرش بکاتە سەر هاوپەیمانە کوردەکانمان. ئێمە لە بیرمان ناچێت، کە هەزاران چەتەی جیهادیی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا دەستگیرکراون. قبوڵکردنی ئۆپەراسیۆنە نوێیەکەی ئەردۆغان بۆ داگیرکەری لە دژی باکوری سوریا بە واتای ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە و دروستکردنی مەترسییەکی جدییە لەسەر ئاسایشی ئەوروپا".
'دەبێت قەوارە و کیانی بەڕێوەبەریی خۆبەڕێوەبەر دانی پیادا بنرێت'
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، پێویستی بە زامنکردن و مسۆگەرکردنی ئاسایشی دەزگا و چالاکوانانی کوردی دانیشتووی ئەوروپا هەیە و ڕاشیانگەیاندووە: "ئێمە وەک پەرلەمانتارانی خاوەن بۆچوونی سیاسیی جیاواز لە فەرەنسا، سیاسەتی شەڕانگێزانەی ئەردۆغان شەرمەزار دەکەین و داوا لە سەرۆک و بەرپرسانی ئەورووپی دەکەین، کە خاوەن هەڵوێست بن".
بەمەبەستی قەدەغەکردنی ئاسمانی باکوری سوریا و پاراستنی کوردانی سوریا لەئاستی نێودەوڵەتیدا ئەو ١٠٢ پەرلەمانتارە فەرەنسییە داوایان لەدەوڵەتە ئەندامەکانی یەکێتیی ئەوروپا و فەرەنسا کرد، لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێوشوێنی پێویست بۆ چارەسەرکردنی هەمیشەیی لە ناوچەکە بگرنە بەر. داواشیانکرد، قەوارە و کیانی بەڕێوەبەریی خۆبەڕێوەبەری باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا لە ئاستی نێونەتەوەیدا دانی پیادا بنرێت و بناسرێت.
ژ.ت