٢٠٠ رۆژ بەسەر خۆپیشاندانەکانی ئێران تێپەڕبوو

لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان ٢٠٠ رۆژ بەسەر چالاکییە ناڕەزایەتییەکاندا تێپەڕبوون. بەگوێرەی چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ ٥٣٧ کەس لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتەوە کوژراون.

چالاکییە ناڕەزایەتییەکان لە ١٦ی ئەیلولی ساڵی پار و دوای ئەوەی لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە ژینا ئەمینی کوژرا، دەستیان پێکرد و بە خێرایی تەواوی وڵاتەکەیان گرتوە.

لەو سەرهەڵدانەی گەلدا کەبە ناوی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"ییەوە ناسراوە، لە مانگە سەرەتاییەکانیدا زۆرترین ژمارەی گیانبەختکردنی خۆپیشاندەران تۆمار کراوە.

بە گوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران لەماوە ٢٠٠ رۆژدا لانیکەم ٥٣٧ کەس لە لایەن هێزەکانی دەوڵەوە کوژراون.

لە مانگی ئەیلولدا ٢٢٣ کەس کوژرابوون، لە تشرینی یەکەمدا ١٠٠ کەس، لە تشرینی دووەمدا ١٧٣ کەس کوژرابوون. هەروەها لە مانگی کانونی یەکەمدا ٢٥ کەس لە خۆپیشاندەرەکان ژیانیان لەدەستداوە.

چوار خۆپیشاندەر لەسێدارەدراون و هەر لەماوەی خۆپیشاندانەکاندا ٣٠٩ زیندانی دیکەش ئەو سزایەیان بەسەردا جێبەجێ کراوە، کە ١٨٠ کەسیان تۆمەتی بازرگانی بە ماددەی هۆشبەریان درابووە پاڵ.

رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران رایگەیاند، لە "کۆماری ئیسلامی ئێران سزای لەسێدارەدان وەک کەرستەیەکی تۆقاند و ترساندنی خەڵک بەکاردەهێنێت و داوای کرد کۆمەڵگای نێونەتەوەیی هەڵوێست بەرامبەر بە جێبەجێکردنی ئەو سزایە بگرێتەبەر.

لە نێوان ١٧-٣٠ی ئەیلول ٥ کەس، لە تشرینی یەکەمدا ٣٠ کەس، لە تشرینی دووەمدا ٥٧ و لە کانونی یەکەمدا ٧٢ کەس لە سێدارەدراون.

هـ . ب