یەکێک لە داواکان لەلایەن پارێزەرانی عەبدوڵا ئۆجالان بۆ داواکاری گشتیی کۆماری بوو لە بورسا. پارێزەران فایەق ئۆگیور ئەرۆل، رێزان ساریجا، جەنگیز یورەکلی و سەربای کۆکلو بەهۆی بانگەشەکان لەسەر ئاسایش و تەندروستیی موەکیلەکەیان خواستیان بە خێرایی بڕۆن بۆ ئیمراڵی و چاوپێکەوتن ئەنجام بدەن.
هەروەها پارێزەران داوایانکرد، لەگەڵ زیندانیانی تر لە ئیمراڵی عومەر خەیری کۆنار، وەیسی ئاکتاش و حامیلی یڵدرم چاوپێکەوتن ئەنجام بدەن.
داوایەکی تر لەلایەن محەمەد ئۆجالان برای عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و مەزڵوم دینچ-ی وەسییان پێشکەشی داواکاری گشتی کرا.
هاوکات عەلی کۆنار برای عومەر خەیری کۆنار، پۆڵات یڵدرم برای حامیلی یڵدرم و مەلیحە چەتین خوشکی وەیسی ئاکتاش لە رێگەى پارێزەرەکانیان داوای چاوپێکەوتنی خێرایان لەگەڵ براکانیان کرد.
لە داوای سەردانەکاندا باس لەوە کراوە، کە دواینجار عەبدوڵا ئۆجالان لە ٢٧ی نیسانی ٢٠٢٠دا لە رێگەى تەلەفونەوە قسەى کردووە.
ئاماژە بەوەشکراوە، لەو کاتەوە هیچ زانیارییەک لەسەر ئۆجالان لە بەردەستدا نییە و باسی ئەوەشیانکردووە، "هەموو داواکانمان بە پاساوی دژ بە مافەکان و یاساکان رەتکراونەتەوە، یان وەڵام نەدراونەتەوە".
پارێزەران سەرنجیان خستە سەر راپۆرتەکەى سی پی تی و داوایانکردووە، گۆشەگیریی درێژخایەن و قورس و دۆخی زیندانی ئیمراڵی لەبەرچاو بگیرێت و مافی چاوپێکەوتن دەستەبەر بکرێت.
پارێزەران باسی ئەوەشیانکردووە، لە ١٤ی ئاداری ٢٠٢١دا لە ئینتەرنێت زانیاری و بانگەشە لەبارەی تەندروستی و ژیانی موەکیلەکەمانەوە بڵاوکراوەتەوە و نیگەرانیی بۆ دروستکردوون، بۆیە دەیانەوێت بە خێرایی پارێزەران و بنەماڵەکەی بڕۆن بۆ ئیمراڵی و رستەوخۆ و رووبەروو چاوپێکەوتن ئەنجام بدەن.
ژ.ت