ڕاگەیاندنی ئازاد لە باشوور: بەردەوام دەبین لەسەر ئامانجی شەهیدانی ڕاگەیاندنی ئازاد

ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاندنی ئازاد لە باشووری کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا شەهید کردنی ڕۆژنامەوان عەزیز کۆیلوئۆغلویان شەرمەزار کرد و بەڵێنی بەردەوام بوونیان لەسەر ئامانجی ڕاگەیاندنی ئازاد دووپاتکردەوە.

ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی، بۆ شەرمەزارکردنی شەهیدکردنی ڕۆژنامەوان عەزیز کۆیلوئۆغلو، کە لە ٢٧ی کانوونی دووەم لە هێرشی ئاسمانی دەڵەتی تورکی داگیرکەردا لە سنووری ڕاپەڕین شەهید بوو، ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاندی ئازاد لە باشوور لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا لە سەنتەری میترۆ بە خوێندنەوەی ڕاگەیاندواێک شەهید کردنی ڕۆژنامەوانانی ئازادییان شەرمەزار کرد، وە هەڵوێستی شەرمەزارکردنی بێدەنگیی لەلایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانیش لە بەرامبەر تاوانە بەردەوامەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان دەبڕیی.

ڕاگەیاندراوەکە لە لایەن ڕۆژنامەوان ئاراس ئیبراهیمەوە خویندرایەوە.

دەقی ڕاگەیاندراوەکەی ڕاگەیاندنی ئازاد لە باشوور بەم جۆرەیە:

"بە شەهیدکردنی ڕۆژنامەنووسان، دەنگی ڕاگەیاندنی ئازاد کپ ناکرێت

بەداخەوە جارێکی دیکە ڕۆژنامەنووسانی ئازاد ماتەمگێڕی شەهیدبوونی هاوپیشە و هاوڕێبازێکی دیکەیانن، کە ڕۆژی ٢٧ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، لە ئەنجامی هێرشێکی دڕندانەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین شەهیدبوو، کە ئەویش ڕۆژنامەنووس و خەباتکاری ڕاگەیاندنی ئازاد عەزیز کۆیلوئۆغڵووە.

شەهید عەزیز پێنووسێکی بە بڕشت و ڕۆژنامەنووسێکی ئازا و ئازاد و بوێر بوو، کە لە ڕێگەی نووکی قەڵەمەکەی و زوومی کامێراکەیەوە، ڕووی ڕاستەقینەی دەوڵەتی تورکی داگیرکەری ئاشکرا دەکرد، ئەو دروشمی “خستنەڕووی ڕاستییەکان ئەرکی ئێمەیە”ـی کردبووە مانشێتی تێکۆشانی خۆی، زیاد لە ٢٥ ساڵ لەسەر کاروانی ڕاگەیاندنی ئازاد هەنگاوی نا.

شەهید عەزیز لە ساڵی ١٩٧٦ لە ئامەدی هێمای ئازادیی لەدایکبووە، لە سەرەتای ساڵانی ٢٠٠٠ـەوە دەستی بە کاری ڕۆژنامەوانیی کردووە، بووە بە دەنگ و ڕەنگی حەقیقەت، لە پەیامنێری و کامێرامانییەوە هەتا سەرنووسەری، بەڕێوەبەری هەواڵ و بەڕێوەبەری گشتی وەشان لە هەموو کارێکی ڕاگەیاندندا بەشداریی کردووە، لە هەموو ئەرکەکانیدا بووە خاوەنی ڕۆڵ و هەڵوێستێکی نموونەیی و پەروەردەکاری هاوڕێیانی، دەیان ڕۆژنامەنووسی لە ماوەی ژیانیدا پێگەیاند.

هاوڕێ عەزیز لە هەولێرەوە تا سلێمانی و کەرکووک، لەوێوە تا مەخموور و هەموو شوێنەکانی باشووری کوردستان تێکۆشانی بەڕێوە برد، دیسان لە دێرکی ڕۆژئاوای کوردستانەوە تا عەفرین، لە هەموو شوێنێک و لە هەموو ئاستێکدا کاری ڕاگەیاندن و چاپەمەنی بەڕێوە برد، هاوڕێ عەزیز تەنها نەینووسی، بەڵکو بە هەمان ڕادە قسەی کرد و هەموو دەرفەتەکانی بۆ ئاشکراکردنی ڕاستینەی دوژمنی داگیرکەر بەکارهێنا.

دەوڵەتی داگیرکەری تورک لەمدواییانەدا بۆ پەردەپۆشکردنی تاوان و داگیرکارییەکانی، هەوڵی بێدەنگکرنی ڕاگەیاندنی ئازاد دەدات، تەنها لە ساڵی ڕابردووەوە تائیستا، دەوڵەتی داگیرکەری تورک شەش ڕۆژنامەنووسی بە هێرشی درۆنیی ڕاستەوخۆ لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان کردووەتە ئامانج و شەهیدیانی کردووە، بەڵام ئەو هەوڵە هەر لە سەرەتاوە بێکاریگەر و پووچەڵە و ڕاگەیاندنی ئازاد لەسەر ڕێبازی عەزیز، گوڵستان، هێرۆ، نازم، جیهان و مورادەکان بەردەوام دەبێت لە تێکۆشان بۆ خستنەڕووی ڕاستییەکان.

ئێمە وەک ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندنی ئازاد وێڕای ئەوەی بەتووندیی ئیدانەی شەهیدکردنی ڕۆژنامەنووسی ئازاد و هاوڕێمان عەزیز کۆیلوئۆغڵو دەکەین، لەهەمان کاتدا بێدەنگیی لەلایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانیش لە بەرامبەر تاوانە بەردەوامەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان شەرمەزار دەکەین، داوا لە ڕێکخراوەکانی تایبەتمەند بە پاراستنی مافی ڕۆژنامەنووسان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، نوێنەرایەتیی وڵاتان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێم دەکەین، سنوورێک بۆ تاوانەکانی دەوڵەتی تورک دابنێن و کۆتایی بە تیرۆرکردن و شەهیدکردنی ڕۆژنامەنووسان بهێنن.

لەکۆتاییدا سەرەخۆشیی لە خۆمان و سەرجەم ڕۆژنامەنووسان و خانەوادەی بەرێزی هاوڕێ عەزیز و گەلی کورد دەکەین و بەڵێن دووپات دەکەینەوە، کە تا گەیشتن بە سەرکەوتن، درێژە بە تێکۆشانی ڕاگەیاندنی ئازاد دەدەین و لەسەر ڕێبازی شەهید عەزیز تێدەکۆشین و ناهێڵین قەڵەم و کامێرای ئەو لەسەر زەوی بمێنێتەوە."