بە ڕۆحی قزڵ دەرە بانگەوازی تێکۆشانی هاوبەش کرا

لە ئەنقەرە و مێرسین، ماهیر چایان و هاوڕێیانی کە لە قزڵ دەرە کوژران، یادکرانەوە. لە یادەکەدا گوترا، پێویستە دژی ستەم بە ڕۆحی قزڵ دەرە تێکۆشانی هاوبەش بکرێت.

لە گۆڕستانی کارشیاکا بۆ یەک لە پێشەنگانی تەڤگەری چەپ ماهیر چایان و هاوڕێیانی کە پێش ٥٢ ساڵ لە گوندی قزڵ دەرەی ناوچەی نیکساری تۆکات کوژران، مەراسیمی یادکردنەوە بەڕێوەچوو. مەراسیمەکە لەلایەن ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و پارتە سیاسییەکانی شارەکەوە ڕێکخرا، سەرۆکی لقی ئەنقەرەی فیدراسیۆنی کۆمەڵی ٧٨ هەمین، حوسەین ئەسەنتورک لە یادەکەیدا  ئاماژەی بەوە کرد هەرچەند ماوەیەکی زۆر بەسەر کۆمەڵکوژییەکەدا تێپەڕیوە بەڵام هێشتا ڕۆحی تێکۆشەرەکان زیندوو و ڕێگەمان پیشان دەدات، گوتی: "ئەوان میراتێکی مەزنی تێکۆشانی شۆڕشگێڕییان ئافراند. بەڕێزەوە سەری ڕێزیان بۆ نەوی دەکەین".

ئەسەنتورک ڕایگەیاند بەو ڕۆحی یەکێتییەی لە قزڵ دەرە ئافرێنرا پێویستە لە سەراپای ئەم جوگرافیایە دژی فشار و زۆرداری، تێکۆشان بە سەرکەوتن تاجدار بکرێت.

پاشان هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) شاری ئەنقەرە، فاتن کانات شەهیدانی بیرهێنایەوە و گوتی: " پێویستە دژی دەسەڵاتی زۆردار و ستەمکاری ئێستە هەمان درووشم و تێگەیشتن سەرپێ بخەین و هەنگاوبنێین بۆ ئەو ڕۆژانەی کە نموونەکانی یەکگرتن و تێکۆشانی شۆڕشگێڕی بە زیندوویی دەهێڵنەوە".

پلاتفۆرمی ڕەنج و دیموکراسی مێرسین کۆنفرانسێکی چاپەمەنی بەست و ماهیر چایان و هاوڕێکانی بیرهێنایەوە. کاندیدانی هەڵبژاردنەکەی سبەینێ بیرخرانەوە و بانگەوازکرا بۆ تێکۆشانی هاوبەش.