بە هۆی سەما و هەڵپەڕینەوە سزا بۆ ١٠ زیندانی بڕایەوە

دەسەڵاتدارانی تورک لە زیندانی داخراوی پیتیT شاری ڕوحا، بە تۆمەتی ئەوەی لە ١٥ی ئابدا زیندانیان سەما و هەڵپەڕینیان کردووە سزای دیسپلینیان بۆ ١٠ زیندانی بڕییەوە.

بە پێی ئەو زانیارییانەی دەست کەوتووە، ١٠ زیندانی کە لە ١٥ی ئاب لە زیندانی ڕوحا سەمایان کردووە، سزای دیسپلینیان بەسەردا سەپێنراوە.

دەستەی دیسپلینی ئیداری زیندان بە تۆمەتی "گۆرانی وتنی نابەجێ" دەستی بە لێکۆڵێنەوە کردووە.

ئەو زیندانیانەی کە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکەدا ئیفادەیان داوە، ئاماژەیان بەوە کردووە کە سەما و هەڵپەڕین قەدەغە نییە.

بەڵام دەستەی دیسیپلینی زیندان بەهۆی بەکار هێنانی وشەی کوردستان لە ناو گۆرانیەکەدا، بڕیاریداوە  ١٠ کەس لە زیندانیەکان بۆ ماوەی یەک مانگ لە پەیوەندی و ئامرازەکانی پەیوەندیکردن بێبەش بکرێن و بۆ ماوەی یەک مانگ سەردانیان لێ قەدەغە بکرێت.

هەروەها پارێزەرانی زیندانیان سەبارەت بەو مەسەلەیە سەردانی داواکاری گشتیی تاوانەکانی شاری ڕوحایان کرد.

لە لایەکی ترەوە ئیسماعیل کاپلان و ئەحمەد یڵماز کە لە زیندانیانی ئەو زیندانە بوون، بەبێ ئاگاداری بنەماڵەکانیان بۆ زیندانی ئەرزینجان دیپۆرت کران.