لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویژ، چالاکوانان و کارمەندانی ڕاگەیاندن و نوێنەرانی ڕێکخراوە کوردستانییەکان لەبەردەم کونسوڵخانەی عێراق کۆبوونەوە و هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە هاوکاری پەدەکەیان بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان شەرمەزار کرد.
لە چالاکییەکەدا ڕامین مامەدی لەسەر ناوی وەقفی ڕاگەیاندنی کوردی نەرویژ قسەی کرد، هێرشی سەر ڕۆژنامەنووسانی شەرمەزار کرد و داوای کرد بەهۆی شەهیدکردنی گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین لێپرسینەوە لە دەوڵەتی تورک بکرێت.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، لەم بارەیەوە نامەیان بۆ وەزارەتی دەرەوەی نەرویژ و سەرۆکی پەرلەمان و پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی ڕاگەیاندنی نەرویژ ناردووە.
چالاکوانی ژنی خەڵکی باشووری کوردستان، ڕووبار یوسف و چالاکوانی ڕۆژئاوا باڤێ حەسەن بە چەند زمانێک قسەیان کرد، بانگەوازیان لە حکومەتی عێراق کرد، سەلامەتی ڕۆژنامەنووسان بپارێزێت و هەلومەرجی پیشەیی ڕۆژنامەنووسان مسۆگەر بکات، سزای بکوژانی ڕۆژنامەنووسان بدات.
هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و خیانەتی پەدەکە و بنەماڵەی بارزانی و ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراق بە بەرزکردنەوەی درووشم شەرمەزار کرا.