نوێکرایەوە

باقرخان: کۆنگرەکە دەرفەتێکی گرنگە بۆ ئاشتی و چارەسەر

هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی تونجەر باقرخان ڕایگەیاند دەرگای پرۆسەیەکی نوێ کراوەتەوە کە چەند ساڵە خەونی پێوە دەبینن، گوتی: "ئەو بڕیارانەی کە ١٢ ی ئایار ئاشکراکران، دەرفەتێکی گرنگە بۆ ئاشتی و چارەسەری دیموکراتیک".

هاوسەرۆکی گشتی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) تونجەر باقرخان لە پەرلەمان لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی هەڵسەنگاندنی بۆ ڕۆژەڤەکان کرد، سەرەتا ١٥ ی ئایار جەژنی زمانی کوردی پیرۆز کرد و بە کوردی قسەی کرد، گوتی: "زمانمان هەموو شتێکی ئێمەیە، دەبێت گەل فێری زمانی خۆی بێت، پەروەردە بە زمانی دایک مافێکە".

باقرخان جەختی کردەوە، دەرگای پرۆسەیەکی نوێ کراوەتەوە کە ساڵانێکە گەل چاوەڕوانی دەکەن و خەونی پێوە دەبینن، دووپاتی کردەوە، مودەتێکی زۆرە گەل بە حەسرەتی ئاشتی و چارەسەرەوە دەژی، گوتی: "هیوادارم بە ئاشتی و هاوڵاتیبوونی یەکسان تاجدار ببێت".

باقرخان گوتی: "هەڤاڵانی هێژا، پەکەکە لە ٥_٧ ی ئایار کۆنگرەی بەست و لە ١٢ ی ئایار بڕیارەکانی کۆنگرەی ئاشکرا کرد. ئەم کۆنگرەیە و بڕیارەکانی، دەرفەتێکی گرنگە بۆ ئاشتی و چارەسەری دیموکراتیک. چیتر ١٢ ی ئایار لە مێژووی تورکیادا ڕۆژێکی ئاسایی نییە، بەڵکو وەک یەکەمین ڕۆژی سووککردنی باری ڕابردوو لە مێژوودا دەنووسرێتەوە. ئێمە لەسایەی هەڤاڵە تێکۆشەرەکانمان، کەسانی قوربانیدەر، ئەوانەی گیانیان بەخشی، لەسایەی نزای دایک و باوکانمان، گەیشتین بەم ڕۆژانە. بە ڕێز و پێزانینەوە یادی هەموو ئەو کەسانە دەکەمەوە کە لە تێکۆشانی ئاشتی و دیموکراسییدا گیانیان بەخشی، سەری ڕێزیان بۆ دادەنەوێنم. بەڵێن دەدەین کە ئاڵای ئاشتی و دیموکراسی و ئازادیی ئەوان، بڵندتر بکەینەوە".

دوێنێ لە تورکیا یەکێک لە ڕۆژە مێژووییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین ئەزموون کرا. ئەم پرۆسەیە کە لە ٢٧ی شوباتەوە تا ١٢ی ئایار بەردەوامە، کۆتایی سەردەمێک و دەستپێکی سەردەمێکی نوێی ڕاگەیاند. ئەو گۆڕانکارییانە بە پێشەنگایەتی بەڕێز ئۆجالان، یەکێک لە ڕووداوە کاریگەرەکانی مێژووی سیاسی کورد و هەم لە مێژووی تورکیا بوو. تێکۆشان کە بە قوربانی دانی مەزن بەردەوامی پێدرا، ئیدی جێی خۆی لە پرسی چارەسەری و بونیاتنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک دەگرێت. لە دوای ئەم بانگەوازە و بڕیارانە، بەرپرسیارێتی دەکەوێتە ئەستۆی ٨٦ میلیۆن کەس کە بە شێوەیەکی بە هێز خاوەندارێتی لە ماف و داهاتووی خۆیان بکەن.

پێوەری سیاسەت زۆر ڕوونە. هەمیشەییکردنی پڕۆسەی ئاشتیی، سەرڕاستکردنەوەی یاسایی و دادپەروەری، بەرپرسیارێتییەکی مەزنی سیاسەتە. ئەوەی دەکەوێتە ئەستۆی ڕای گشتیی نێونەتەوەیی ئەوەیە پشتگیری پڕۆسەکە بکەن."

باقرخان بۆ قسەکانی سەرۆکی گشتیی جەهەپە ئۆزگور ئۆزەل کە گوتبووی "بۆ ئاشتییەکی هەمیشەیی کۆمەڵگەیی دەبێت هەنگاوی دڵسۆزانە و یاسایی بنرێن" ئاماژەی بەوەدا بەرز دەینرخێنن.

وتیشی: "ئیدی دەبێت هیچ کەسێک لەگەڵ مردن جێنەگرێت و لەگەڵ ئاشتیی بێت. مرۆڤ تێناگات بۆچی لەگەڵ ئاشتییدا نیین. تێکۆشانی چەکداری کۆتایی دێت بەڵام دەبینن هەندێک کەس ناڕەحەتە. دەبێت هەوڵەکانمان تەنها لە گوتاردا نەمێنێتەوە. پەندێکی کوردی هەیە دەڵێت "قسە ئاسانە بەڵام کردار گرانە. وەرن با پێکەوە ئەنجامی بدەین، با ئاشتی بەدی بێنین.' قسە زۆر کرا و ئێستا کاتی کردارە.

ناونیشانی ئاشتیی و چارەسەری پەرلەمانە. بەڕێز ئۆجالانیش ئاماژەی بە پەرلەمان دابوو. پەکەکە لە کۆنگرەکەییدا ئاماژەی بە پەرلەمان کردوە. ئێمەش دەڵێین با پەرلەمان گوێ لە دەنگی ئاشتیی گەل بگرێت. دەبێت لە پەرلەمان هەمووکەسێک بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ بکات. ئیدی کەس ناتوانێت لەم پڕۆسە مێژووییە هەڵبێت.

 ئەگەر چەکەکان بێدەنگ بن، ئەوا دەبێت سیاسەتی دیموکراتیک قسە بکات و ئاستەنگەکانی پێشی لاببرێن. دەوڵەت ئیدی نابێت دامەزراوەیەک بێت کە کۆنتڕۆڵ و سزا بدات. دەبێت ببێتە دامەزراوەیەک کە دادپەروەری بە دی بێنێت و ئازادییەکان جێبەجێ بکات".

لە کۆتایی قسەکانییدا باقرخان سوپاسی ڕێبەر ئاپۆی کرد و گوتی: "لە پەرەپێدانی ئەم پڕۆسە مێژووییەدا بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی لە ئەستۆ گەت." هەروەها باقر خان سوپاسی بەرپرسە باڵاکانی تورکیا، پارتە ئۆزسیۆنەکان، ئەندام و تێکۆشەرانی پارتەکەیان، گەلی کورد و کۆمەلگەی مەدەنی و ڕێخکراوە جەماوەرییە دیموکراتیکەکانی کرد و گوتی: "ئاشتیی تورکیا، مسۆگەری ئاشتیی ڕۆژهەڵاتی ناوینە."