'عەبدولقادر کودەی زیندانی سیاسی ئازاد نەکرا هەتا ژیانی لەدەستدا'

عەبدولقادر کودەی زیندانی کە سەرەڕای نەخۆشی قورسی ئازاد نەکرا، ژیانی لەدەستدا. سەندیکای پارێزەرانی ئازادی (ئۆهەدە) ڕایگەیاند: "دەوڵەت لە گیان لەدەستدانی عەبدولقادر بەرپرسیارە".

سەبارەت بە ژیان لەدەستدانی عەبدولقادر کودەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدرا و ڕاگەیاندرا سەرەڕای ئەوەی نەخۆشی قورسی بوو ئازاد نەکرا هەتا ژیانی لەدەستدا. عەبدولقادر کودەی لە شارەکەی خۆی لە مێردین بەخاک سپێردرا.

پارێزەری کودەی، ئەدا ئوناڵ ڕایگەیاند: "مۆەکیلەکەم سەرەڕای ئەوەی ناوەندی پزیشکی دادوەری سێ جار ڕایگەیاندبوو کە ناتوانێت لە زیندان بمێنێتەوە بەڵام عەبدولقادر کودەی لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە هەتا مردن ڕاگیرا. تەنانەت دوایین داواکاریمان ١٠ ڕۆژ پێش ڕەتکرایەوە. دوای ئەم ڕەتکردنەوەیە عەبدولقادرمان لەدەستدا."

سیدار پەرچین، پارێزەری سەندیکای پارێزەرانی ئازادی، جەختی لەوە کردەوە کە لە زیندانەکانی تورکیا پێشێلکاری تا ئاستی مردنی زیندانیانی سیاسی تێدا بەڕێوەدەچێت و وتی: "دەوڵەت راستەوخۆ بەرپرسیاری یەکەمە لە تەندروستی و ژیانی زیندانیان."

هەروەها یاغمور کاڤاک بە ناوی کۆمەڵەی پارێزەرانی هاوچەرخەوە (ÇHD) قسەی کرد و وتی: "ئێمە زۆر خەمبار و تووڕەین. هۆکاری مردن و ژیان لەدەستدانی کودەی بە هۆی سیاسەتەکانی حکومەت دژ بە زیندانیانی وڵاتپارێز و سیاسیەوەیە. ئێمە لە کەسایەتی عەبدولقادر کودەی دا دژی ئەو کارانەی بەرامبەر زیندانیان ئەنجام دەدرێت تێکۆشانمان درێژە پێدەدەین."