بەهەزاران کەس لە میلانۆ داوای ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان دەکەن

لە شاری میلانۆی ئیتالیا بە بەشداری هەزاران لە ژێر ناوی 'سەردەمی هیوا' کۆنسێرتێک ساز دەکرێت و تیایدا داوای ئازادی بۆ رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەکرێت.

بەمەبەستی داواکردنی ئازادی بۆ رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانیانی سیاسی، هەروەها لەپێناو داکۆکی لە ئازادی و مافی دیاریکردنی چارەنوسی گەلی کورد لە ١٣ی ئەیلولدا (ئەمڕۆ) لە شاری میلانۆی ئیتالیا بە دروشمی 'سەردەمی هیوا' چالاکیەکی کولتوری و سیاسی بەڕێوەدەچێت.

نوسینگەی ئینفۆرماسیۆنی کوردستان لە ئیتالیا و رەێتێ کوردستان ئیتالیا چالاکیەک ساز دەکەن. پارتی کۆمۆنیستی بونیادنانەوەی ئیتالیا پشتیوانی لە چالاکیەکە دەکات.

ئەندێشەکانی عەبدوڵا ئۆجالان بوونە هیوای گەلانی جیهان

رێکخراوە ئامادەکارەکان لەپێناو بەشداربوون لە چالاکیەکەدا بانگەوازیان راگەیاند و ئاماژەیان بە گۆشەگیری دژوار کرد لەسەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان. لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە عەبدوڵا ئۆجالان وێڕای پرسی کورد و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەروەها بە ئەندێشە و بیرۆکەکانی لەبارەی دیموکراسی رادیکاڵ و کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیکی بۆ گەلانی جیهان بەتایبەتی گەلانی هەرێمەکە بووەتە هیوا. هەروەها ئەوەش بە بیر هێنراوەتەوە کە دەوڵەتی تورک بەمەبەستی لەناوبردنی دەستکەوتە هەرێمایەتیەکانی کوردان بەردەوام هێرش ئەنجام دەدات.

شۆڕشی رۆژئاوا دەبێت پارێزگاری لێبکرێت

لە درێژەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "رژێمی سەرەڕۆ و دیکتاتۆری ئەردۆغان بە داگیرکاری بەرفراوان هەڕەشە لە رۆژئاوا دەکات، ئەمەش بە هۆی ئەوەی رۆژئاوا دژی داعش شەڕی کرد و لەناوی برد". رێکخراوەکان ئەوەیان دەستنیشان کرد کە شۆڕشی رۆژئاوا لەسەر پاڕادیگمای دیموکراتیک، ئازادیپارێزی رەگەزی کە لە ئەندێشەکانی عەبدوڵا ئۆجالانەوە سەرچاوەی گرتووە، دامەزراوە، دەبێت لەلایەن گەلانی جیهانەوە بپارێزرێت.

داوای ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان دەخرێتەڕوو

چالاکیەکە کاتژمێر ١٨:٠٠ دەستپێدەکات و کاریکاتێریستی بەناوبانگ زیرۆکالکارێ، سیاسەتمەداری کورد هازال کویونجوێر، ئێدیتەری دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی پونتۆ رۆسۆ رۆبێرتۆ ماپێلی و رۆژنامەوان گیاسۆمۆ سینی بەشداری لە چالاکیەکەدا دەکەن. لە بەرنامەکەدا ئەندێشە و کتێبەکانی عەبدوڵا ئۆجالان گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت.

کاتژمێر ٢٠:٠٠ بە بەشداری هونەرمەندان ئالیسیۆ لێگا، مارکۆ ریڤیللی، بەرفین دەمیر، رەنتالی فرانچی، ئاستی ئابدۆ، راپ کاڤێرنا پۆسێ، یونگ پانینارو، ئێلی کۆتیانۆ و ئاسالتی فرۆنتالی بە دروشمی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجان' کۆنسێرتێکی گەورە ساز دەکرێت.

ناونیشانی کۆنسێرتی گەورە بەم جۆرەیە:

Parco Delle Cascine di Chiesa Rossa

Via San Demenico Savio, 3 Milano

 

هـ . ب