بەمەبەستی دیدار لەگەڵ رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان داواکاری بەرزکرایەوە

پارێزەران بە مەبەستی دیدار لەگەڵ رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجان کە ٤٣ مانگە هیج هەواڵێکی نازانن، داواکارییەکی نوێیان بەرزکردەوە.

پارێزەرانی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ئەوەی بتوانن موەکیلەکەیان ببینن سەردانی داواکاری گشتیی کۆماری بورسا و بەڕێوەبەرایەتی زیندانی ئیمراڵییان کرد.

لە پارێزەرانی نوسینگەی یاسایی سەدە ئیبراهیم بیلمەز، رەزان ساریجا، رازیە ئۆزتورک، مەزڵوم دینچ و فایەق ئۆزگور داواکارییەکەیان خستەڕوو.

پارێزەران بە مەبەستی دیدار لەگڵ موەکیلانی دیکەیان لە ئیمراڵی؛ حامیلی یەڵدرم، عومەر خەیری کۆنار و وەیسی ئاکتاشیش هەمان داواکارییان بەرزکردەوە.

رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ساڵی ١٩٩٩ەوە بە پیلانگێریی نێونەتەوەیی بەدیل گیرا و لە دوورگەی ئیمراڵی لە گۆشەگیریدایە و ماوەی ٤٣ مانگە گۆشەگیرییەکە بە شێوەی رەها ئەنجام دەدرێت.

بەم بڕیارەی کۆتاییەوە لە ماوەی ٨ ساڵدا بۆ ١٣هەمین جارە بڕیاری قەدەغەکردنی سەردانی( سزای دیسپلین)ی ٦ مانگی دانراوە، بۆیە داواکارییەکانی بنەماڵە و پاڕێزەران بە مەبەستی ئەنجامدانی دیدار یان بێ وەڵام دەهێڵدرێنەوە یان بە پاساوی بێ بنەما رەتدەکرێنەوە، یاخود دوای چەند مانگ بە بیانووی هەڕەمەکی و بێ بنەما لە ژێر ناوی سزای نایاسایی دیسپلین رێگری لەو دیدارانە دەکرێت. تائێستاش هۆکاری سەپاندنی سزای دیسپلین نازانرێت.