بنەماڵەی شەنیاشار بۆ ٣٧ هەمین جار چوونە بەردەم وەزارەتی داد

بنەماڵەی شەنیاشار، لە ڕۆژی ٣٧ هەمیندا لەبەردەم وەزارەتی داد، درێژە بە ئێشکگری دادپەروەری دەدەن، دیسان بە پاساوی "وەزیر لێرە نییە"، چاوپێکەوتنی وەزیری داد، ڕەتکرایەوە.

خزم و پاسەوانانی پەرلەمانتاری ئاکەپە لە ڕحا ئیبراهیم خەلیل یەڵدز لە ١٤ی حوزەیرانی ٢٠١٨ لە ناوچەی پیرسوسی رحا هێرشیان کردە سەر بنەماڵەی شەنیاشار. لە ئەنجامی هێرشەکەدا هاوژین و دوو کوڕی ئامینە شەنیاشار کوژرابوون. بەوهۆیەوە ئامینە شەنیاشار و فەرید شەنیاشاری کوڕی کە لە هێرشەکەدا بریندار بوو لە ٩ی ئاداری ٢٠٢١ لە بەردەم دادگای ڕحا دەستیان بە چالاکی ئێشکگریی دادپەروەری کردبوو. بنەماڵەکە ئێشکگرییەکەی خۆیان لە ڕحاوە گواستەوە بۆ ئەنقەرە و ئێشکگرییەکە لە ٣٧ هەمین ڕۆژدا بەردەوامە.

دایکە ئامینە شەنیاشار، بە کورسی گەڕۆک بەشدار بوو، لەبەردەم دەرگای دیکمەنی پەرلەمانەوە تا بەردەم وەزارەتی داد ڕێپێوانی کرد. لەدەستی شەنیاشاردا تابلۆی "دادپەروەری" هەبوو، فەرید شەنیاشاری کوڕی و پەرلەمانتاری جەهەپە لە ئیستەنبوڵ، تورکان ئەلچی لەگەڵیدا بوون.

ئامینە شەنیاشار لەبەردەم وەزارەت، گوتی: "ئەوانەی کردتانن بە پەرلەمانتار، مرۆڤ دەکوژن. دەمەوێت کوڕەکەم ئازاد بکەن. دەوڵەت بۆچی بکوژران دەپارێزێت؟ ئەرێ دیمەنی کامێراکانی ئاسایش نابینن؟ دیمەنی کارگە و نەخۆشخانەکە سڕاونەتەوە، ئەمە چ دەوڵەتێکە؟".

لەو کاتەدا، پۆلیس هەوڵیاندا ڕێگری لە ڕۆژنامەوانەکان بکەن. کاتێک ڕۆژنامەوان پرسیان بڕیارێکی یاسایتان بۆ ئەم کارە هەیە یان نا، پۆلیسەکان گوتیان "کاربەدەستان داوامان لێ دەکەن". پاشان بنەماڵەی شەنیاشار داوایان کرد وەزیری داد، یەڵماز تونچ ببینن، کارمەندانی وەزارت ڕایانگەیاند، وەزیر لەوێ نییە.

بنەماڵەکە ماوەیەک لەوێ مانەوە و پاشان گەڕانەوە بۆ پەرلەمان.