بنەماڵەی زیندانیان: ئێمە بە تێکۆشانی خۆمان دیوارەکانی ئیمڕاڵی دەڕوخێنین

ئێشکگریی دادپەروەری بنەماڵەی زیندانیان بەردەوامە. بنەماڵەکان داوای کرد عەبدوڵا ئۆجالان و سەرجەم زیندانیان ئازاد بکرێن و وتیان، "ئێمە بە تێکۆشانی خۆمان دیوارەکانی ئیمڕاڵی دەڕوخێنین".

ئێشکگریی دادپەروەری بنەماڵەی زیندانیانی نەخۆش و ئەو زیندانیانەی ماوەی سزاکەیان تەواوبووە و ئازاد ناکرێن لە نوسینگەی سەندیکای پارێزەرانی ئیزمیر دەستیان پێکردبوو لە رۆژی ٣٠هەمیندا بەردەوامە. بنەماڵەکان لە شوێنی ئێشکگرییەکە پلاکار بە نوسراوی "ئازادی بۆ زیندانیانی نەخۆش" و "گۆشەگیری تاوانە لە دژی مرۆڤایەتی"یان کردەوە. بەڕێوەبەرانی هەدەپەی ناوچەی بایراکیەی ئیزمیر و چالاکوانانی بزوتنەوەی ژنانی ئازاد (تەژەئا) لە ئیزمیر، دایکانی ئاشتی و ئەندامانی کۆمەڵەی پشتیوانی و هاوکاری لەگەڵ بنەماڵەی زیندانیان و سزادراوانی ئەگەیە (یەگە-توهای دەر) سەردانی ئێشکگرییەکەیان کرد.

بەڕێوەبەری هەدەپەی بایراکلی سەعیدخان گوموش لە سەردانەکەدا قسەی کرد و داوای لە بنەماڵەی زیندانیان کرد کە ئەو بنەماڵانەی لە ئێسکگریدان بە تەنیا جێنەهێڵرێن و داواشی کرد زیندانیانی نەخۆش ئازاد بکرێن. گوموش باسی لەوەکرد، کە سەرباری ئەوەی ماوەی سزای مامێکی بە ناوی محەمەد شیرین گوموش لە زیندانی شاکرانێ و زیندانی مەتین گوموش لە زیندانی بافاریای سامسۆن تەواو بووە ئازاد ناکرێن و هەرچەندە کە سزای ٣٠ ساڵەی ئەوان تەواوبووە و چاوەڕێی ئازادبوونیان بوون بەڵام سزای نوێیان بەسەردا سەپێنراوە.

هاوسەرۆکی هەدەپەی بایراکلی ئایشە سلکیش قسەی کرد و داوای کرد زیندانیان نەخۆس و ئەوانەی ماوەی سزاکەیان تەواو بووە ئازاد بکرێن.

لە دایکانی ئاشتی پەیروزا کورت قسەی کرد و بەم جۆرە دووا: "ئێمە داواکارین کە چیتر جەرگی دایکان نەسوتێت و فرمێسک لە چاوی دایکانەوە نەڕژێت. پێویستە هەموو جیهان ئەو ستەمەی لە ئێمە دەکرێت ببینن. بۆ ئەوەی ئاشتی بچەسپێت پێویستە ئەو دەنگە ببیسترێت و دەرگای زیندانەکان بکرێنەوە. بەهەزاران کورد لە زیندانەکاندان. پێویستە ئیتر زیندانیانمان ئازاد بکرێن".

چالاکوانی تەژەئا نور ئایتەموریش باسی لەوە کرد، کە تا زیندانیانی نەخۆش ئازاد نەکرێن دادپەروەری دەستەبەر نابێت و وتی: "تا زیندانیان ئازاد دەکرێن، دیوارەکانی ئیمڕاڵی کە بەڕێز ئۆجالانی تێدا راگیراوە دەڕوخێن، تێکۆشانی ئێمە بەردەوام دەبێت. ئێمە داوا دەکەین سەرجەم زیندانیان و بەڕێز ئۆجالان ئازاد بکرێن و زیندانیانی نەخۆش دەستبەجێ ئازاد بکرێن".

هـ . ب