"بەرامبەر تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی بێدەنگ نابین"

هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ناوچەکانی ئیستەنبوڵ شەرمەزارکران و بانگەوازکرا بۆ کۆتاییهێنان بە هێرشەکان.

هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە پێشەنگایەتی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە ناوچەی ئاڤجیلار و سوڵتانبەیلی و ئارناڤوتکۆی ئیستەنبوڵ بە ڕاگەیاندراوی هاوبەش شەرمەزارکرا.

ئارناڤوتکۆی

ڕێکخستنی دەم پارتی ئارناڤوکتۆ ویستی لەبەردەم بیناکەی ڕاگەیاندراو بخوێنێتەوە لەلایەن پۆلیسەوە ڕێگەیان لێ گیرا، بۆیە لەنێو بیناکەدا ڕاگەیاندراویان خوێندەوە، ڕاگەیاندراوەکە لەلایەن بەڕێوەبەری دەم پارتی ئیستەنبوڵ سەعدەت دۆغان خوێنرایەوە.

دۆغان جەختی کردەوە لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا چەندین خەڵکی سڤیل کوژراون و برینداربوون لەنێویاندا مناڵ هەیە، گوتی: "بەگوێرەی داتای ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ٢٧ کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی ٤٠ کەس برینداربوون کە مناڵیشیان تێدایە، هەروەها زیان گەیشتووە بە شوێنە مەدەنییەکان. سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ئەو کەسانە دەکەین لەم هێرشە نامرۆڤانانەدا گیانیان لەدەستداوە و هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەکان دەخوازین".

دووپاتی کردەوە بەم هێرشانە پرسی کورد چارەسەر ناکرێت، جەختی کردەوە بەرامبەر ئەم هێرشانە بێدەنگ نابن.

سوڵتانبەیلی

لە ناوچەی سوڵتانبەیلی ئیستەنبوڵ لە بینای دەم پارتی ڕاگەیاندراو خوێنرایەوە. ئەندامانی پارتەکە بەشداربوون، پانکارت دژی هێرشەکان بەرزکرایەوە، ڕاگەیاندراوەکە لەلایەن هاوسەرۆکی دەم پارتی سوڵتانبەیلی حاجی ئەربەک خوێنرایەوە.

ڕاگەیاندراوەکە بە درووشمی "نا بۆ شەڕ، دەستبەجێ ئاشتی" و "بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا" کۆتایی هات.

ئاڤجیلار

لە ناوچەی ئاڤجیلەری ئیستەنبوڵ لە بینای دەم پارتی ڕاگەیاندراو خوێنرایەوە. لە ڕاگەیاندراوەکەدا، هێرشەکانی دەوڵەتی تورک شەرمەزارکران و بانگەواز لە ڕای گشتی کرا دژی هێرشەکان هەڵوێستی هاوبەش نیشان بدەن.