بەرهەم ساڵەح: ئەم ‌هێرشە بەزاندنی سەروەریی وڵات و یاسا نێودەوڵەتییەکانە

بەرهەم ساڵەح، سەرۆککۆماری پێشووی عێراق، بەتوندی سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی دەکات و دەڵێت، هێرشکردنە سەر دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان هیچ پاساوێک هەڵناگرێت، هەروەها هێرشەکە وەک بەزاندنی سەروەریی وڵات و یاسا نێودەوڵەتییەکان وەسفدەکات.

دوێنێ هەینی، بەرهەم ساڵەح لە پەیامێکدا لە تویتەر سەبارەت بە هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، گوتی: «هیچ پاساوێک نییە بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان، ئەم دەستدرێژییە بەزاندنی سەروەریی وڵاتە و ناکۆکە لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکان».

دوێنێ هەینی، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ڕووبەڕووی بۆردوومانی داگیرکەری تورکیا بووییەوە، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتەوە، جگە لە ئاگرێکی بچوک کە هەر بەزوویی کۆنتڕۆڵ کرا.