بەشتاش: ئەم دەسەڵاتە هەڵوەشاوەتەوە

مەرال دانش بەشتاش سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە رایگەیاند، دەستلەکارکێشانەوەی ئالبایراک بە واتای هەڵوەشاندنی دەسەڵات دێت.

مەرال دانش بەشتاش سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە لە پەرلەمان کۆنفڕانسی ڕۆژنامەنووسی ئەنجامدا و پرسەکانی ڕۆژەڤی شیکردەوە.

بەشتاش تێکۆشانی کرێکارانی لەدژی گوڕینی خاڵەکانی یاسا شیکردنەوە و وتی،" تێکۆشانی ڕەنج و کارکەران بە فشارەکانی دەسەڵات کۆتایی نەیەت. ئەم تێکۆشانە لە کرێکار، رەنجدەرا، ئۆپۆزسیۆن و ئێمە پیرۆز بێت. ئێمە لە ئێستاش بەدواوە لە هەموو جێگایەک لەگەڵ کاریکاراندا تێدەکۆشین."

بەشتاش باسی لە دەستلەکارکێشانەوەی بەرات ئالبایراک زاڤای رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورک و وەزیری ئابوری و خەزێنەی تورک کرد و وتی، "کە ئەردۆغان سوپاسی لە زاواکەی کرد، نرخی پارە بەرز بووەوە. کە ئەردۆغان دەلێت ئێمە پێویستیمان بە بانکی نێودەوڵەتی نییە، بەڵام بانکی خۆجێیی دروست دەکات و وادەکات کە خەلک پێویستی بە بانکەکانی ئەوان بێت. ئێستا بە ملیۆنان کەس قەرزارن و بەرپرسی ئەوەش کۆشکی دەسەڵات و ئەردۆغانن."

بەشتاش وتیشی، هەر کە دەبینن لە راپرسیەکاندا دۆخیان خراپە هەڵدێن و ئەوەش نیشانەی ڕێوشوێنەکانی ئەوانە. بەشتاش باسی ئەوەشی کرد کە دەسەڵات راستیەکان دەشارێتەوە و دەستلەکارکێشانەوەی وەزیرێک دۆخەکە ئاسایی ناکاتەوە، بەڵکو پێویستە ئەردۆغان و هەموو وەزیرەکان دەستلەکاربکێشنەوە. بەشتاش ئەوەی خستەڕوو کە پێویستە بەرپرسانی دەسەڵات بەم ئاسانیە نەتوانن هەڵبێن و وتی، "بەرات ئالبایراک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام زۆر بە شێوەیەکی ناجددی و نابەرپرسیاری دەستلەکارکێشانەوەی خۆی راگەیاند. ئەوەش دانپێدانانی ئەوەیە کە تێکچوون و ئیفلاسیان کردووە. بە شان و باڵی خۆیاندا هەڵدەدەن کە بە هەڵبژاردن هاتوون. بە تویتەر و ئینستاگرام هەڵدێن. بەم شێوەیە ناتوانن هەڵبێن. ئەگەر بە ئەندازەی سەری دەرزیەکیش دیموکراسی هەبێت، پێویستە حساب بەم خەڵکە بدەن. پێویستە حساب بە پەرلەمان و دادگا بدەن. باشترین شوێنیش بۆ سزادانی سیاسەتمەداران سندوقی دەنگدانە. خەڵکیش ئەم حسابە لە یەکەم هەڵبژارندا دەپرسێت. پێویستە هەم سەرۆکی گشتی ئاکەپە و هەم بەرپرسانی ئەم باجە بدەن. هەرچەندێک فشارمان لەسەر دروست بکەن ، بەڵام لە کۆتاییدا لەسەر تویتەر و ئینستاگرام دەستلەکاردەکێشنەوە. هێشتا هەواڵی زۆری دەستلەکارکێشانەوەمان پێدەگات.

ف.ق