بەشێوەیەکی جەماوەری سەردانی پرسەی ئوزون کرا
یەڵماز ئوزون پاش سێ ساڵ ئێسک و پروسکەکەی لە سندووقێکدا ڕادەستی بنەماڵەکەی کرا و پرسەی بۆ دانرا، بەشێوەیەکی جەماوەری سەردانی پرسەکەی کرا.
یەڵماز ئوزون پاش سێ ساڵ ئێسک و پروسکەکەی لە سندووقێکدا ڕادەستی بنەماڵەکەی کرا و پرسەی بۆ دانرا، بەشێوەیەکی جەماوەری سەردانی پرسەکەی کرا.
هاوسەرۆکی کۆنگرەی جڤاکی دیموکراتیک (کەجەدە)، بەردان ئۆزتورک، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە)، ساڵیحە ئایدەنیز و هاووتەبێژی پارتی چەپی سەوزی چیدەم کلیچگون ئوچار، سەردانی پرسەی گەریلای هەپەگە یەڵماز ئوزون (تۆڵهەڵدان تەکمان)یان کرد، کە ساڵی ٢٠٢٠ لە هێرشێکی ئاسمانیدا لەگەڵ ٥ هاوڕێی لە سێرت شەهید بوو، ئێسک و پروسکەکەی لەناو سندووقێکدا ڕادەستی بنەماڵەکەی کرا. پرسەکەی لە گەڕەکی باستۆکی سەر بە ناوچەی تاتۆس لە ئەرزیرۆم دانرا. شاندەکە تا گەیشتن بە گوندەکە بە چەندین خاڵ و پشکنیندا تێپەڕین.
شاندەکە بۆ ماوەیەکی زۆر بە پاساوی قەدەغە ڕێگەیان لێ گیرا، لەگەڵ هەموو ئاستەنگەکان بە درووشمی "شەهید نامرن" گەیشتنە پرسەکە.
هاوسەرۆکی کەجەدە، بەردان ئۆزتورک، گوتی: " دەوڵەتی تورک بەم شێوەیە جارێکی تر فشارەکانی خۆی نیشان داین. کاتێک تەوەری مژارەکە کورد بێت، فشار و ستەم دێتە بەرچاو. دوای حەلیسە ئاکسۆی و عەلی ڕەزا هەمان شت بەسەر ئەم بنەماڵەیەدا هات. ئەمە تاوانێکە دژی مرۆڤایەتی. لەگەڵ گەشەی پیاوسالاری، پێگەی شەرەفمەندانەی گەلی کورد هەزار جار گەشە دەکات. ئەمڕۆ ئەم گوندە گەمارۆ دراوە. ئەوان نەیانهێشت پرسەکە ئەنجام بدرێت و ئۆتۆمبێلی پرسەیان بۆ دابین نەکرد. لێپرسینەوە لەم کارە دەکەین. ٣ ڕۆژە مەلا نەهاتۆتە گوند. تەنانەت بانگدانیان قەدەغە کرد. لێرەدا جارێکی تر بەڵێن بەم بنەماڵەیە دەدەین؛ ڕێگای ئێمە ڕێگایەکی شکۆمەندە، بۆ ناسنامە تێدەکۆشین. لەپێناو ئاشتیدا، تێکۆشانمان بەردەوام دەبێت".
"ئەم تێکۆشانە مەزنتر دەکەین"
هاووتەبێژی پارتی چەپی سەوز، چیدەم کلیچگون ئوچار، گوتی: " فشار دەخەنە سەر مردووەکانی کورد، فشار دەخەنە سەر کوردەکان چ لە دەرەوە و چ لەنێوخۆی وڵات. تێکۆشانی گەلی کورد لە دژی ئەو فشارانە بەردەوام دەبێت. لە کۆنگرەی ئەرزەڕۆمەوە سەد ساڵ لەمەوبەر، گەیشتووینە بۆ ئەم ڕۆژانە کە ئێسکی منداڵی گەلی کورد لە سندووقدا ڕادەستی ئەوان دەکرێت. تەرمی عەگید ئیپێک بە بار گەیاندرا، تەرمی هاکان ئەرسلان لە سندووقێکدا درا و ئێستا ئێسک و پروسکی یەڵماز ئوزون بەهەمانشێوە دراوەتەوە بنەماڵەکەی. درێژە بە تێکۆشانی سەد ساڵەمان دەدەین. دەسەڵاتێک هەیە لە هەموو هەلومەرجێکدا دەبێتە هۆی شەڕ. بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان دەڵێت، لە ماوەی هەفتەیەکدا چارەسەر پێکدێنم، ئەو ڕاگەیاندراوەکەی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان لە ساڵی ٢٠١٣، تا ئێستاش لە یادەوەریماندایە. هەوڵیاندا ئەم تەرمە بە تەنیا جێبهێڵن، بەڵام ئەمڕۆ لە هەموو شارێکی کوردستان خاوەندارێتی لێ دەکرێت. گەلی کورد پێویستی بە کەس نییە. خۆمان خاوەندارێتی لە تەرمەکانمان دەکەین و بەدەستی خۆمان تێکۆشان دەکەین. ئەم تێکۆشانە مەزنتر دەکەین".
باوکی ئوزون، ئیبراهیم ئوزون، سوپاسی ئامادەبووانی کرد و گوتی: "پێش هەموو شت، دەبێت مرۆڤ خاوەنی ئەخلاق بێت. ئەگەر مرۆڤ ئەخلاقی نەبێت، هیچی نییە. ئێسک و پروسکی منداڵەکانمان دەدەنە دەستمان و ئەمەش شتێکی نائەخلاقییە. بەڵام با بزانن ئەگەر تەنها یەک کەسمان مابێت تا دوا دڵۆپی خوێنمان لەگەڵ شەهیدەکانمان دەبین و لەگەڵ تێکۆشان دەبین. لەسەر خوێنی شەهیدەکانمان بەڵێن دەدەین کە تێکۆشانمان لەسەر ئەم ڕێگەیە بەردەوام بێت. شەهید نامرن".
پاش وتەکان، جەماوەر لە گوندەکە پۆستەری یەڵمازیان بەرزکردەوە و بە درووشمی "شەهید نامرن" و "ئەی شەهید، ڕێگەی تۆ ڕێگەی ئێمەیە" و "بژی کوردستان" و "ئەی شەهید خوێنت لەسەر زەوی نامێنێتەوە" و "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "هەڤاڵ یەڵماز شکۆی ئێمەیە" لە گوندەکە دەڕچوون.