بیرمەندی میسری سەمیر فازل: عەبدوڵا ئۆجالان جێگەی هیوای هەموو گەلانی جیهانە

بیرمەندی میسری پرۆفیسۆر سەمیر فازل رایگەیاند: عەبدوڵا ئۆجالان بۆ هەموو گەلانی بندەستی جیهان جێگەی هیوایە و ئەوەی خستەڕوو کە دەبێت گەلانی ئازادیخواز لە بەرامبەر سیاسەتە چەپەڵەکانی دەوڵەتی تورک بوەستنەوە.

سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی توێژینە و خوێندنەوەی کولتوری میسر، رۆشنبیر و مامۆستای بەشی مێژوو پرۆفیسۆر سەمیر فازل سەبارەت بە گرنگی فەلسەفەی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات کرد و باسی لەوەکرد کە فەلسەفە و تێکۆشانی ئۆجالان کاریگەری لە سەر جیهانی عەرەبی و دەورەبەرەکەی کردووە.

بیرمەند و مامۆستای بەشی مێژووی میسری سەمیر فازل وتی، کە هەموو چالاکوانێک باش دەزانێت کە دەبێت خاوەنداری لە تێکۆشانی خۆی بکات و وتی، "لەبەر ئەوەی گەلی کورد لە مێژوودا نەسڕدرایەوە، دەوڵەتی تورک گۆشەگیری لە سەر عەبدوڵا ئۆجالان جێبەجێ دەکات. ئەو گۆشەگیرییە دەریدەخات کە دەوڵەتی تورک دەوڵەتێکی چەندە داگیرکەرە. دەبێت هەموو گەلانی شکۆمەندی جیهان لە پێناو رێبەر ئۆجالان ئەرکەکانی سەر شانیان بەجێبگەیەنن".

سەمیر فازل ئەوەشی خستەڕوو کە گۆشەگیری چڕ لە سەر عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ترسی دەوڵەتی تورک لە ئەندێشەکانی رێبەری گەلی کورد دەگەڕێتەوە و باسی لەوەکرد، "تورکیا بە هەموو هەوڵەکانیەوە دەیەوێت گەلانی ئازاد بخاتە ژێر پێییەوە و ئەوان لە ناسنامەیان دوور بخاتەوە. دەبێت گەلانی ئازادیخوازی جیهان و هەموو گەلانی شکۆمەند چاویان بە رووی کردەوەکانی تورکیادا نەنوقێنن. لەبەر ئەوەی ئەو کردەوانە لە کەسایەتی رێبەر ئۆجالاندا تەنیا بەرامبەر گەلی کورد ئەنجام نادرێن، لە دژی هەموو گەلانی هەرێمەکە و سوریاش دەکرێن. هەڵبەت کوردەکان تێکۆشانێکی کاریگەریشیان هەیە. کورد لە دژی ئەو کردەوانە تێکۆشانێکی بەهێز بەڕێوەدەبەن".

سەمیر فازل باسی لە زیندانیانی سیاسی لە تورکیا و باکووری کوردستان کرد و وتی، "ئەو خۆڕاگرانەی زیندانی دەکرێن، تەنیا لە رووی جەستەییەوە زیندانی کراون. بۆ نمونە هەرچەندە کەسانێکی وەک رێبەر ئۆجالان بە جەستەییش زیندانی بن، بەڵام ئەندێشەکانیان هەموو کات بە جیهاندا بڵاودەبێتەوە.

وەک چۆن رژێمی نەژادپەرستی ئەفریقای باشور نەیتوانی خۆی بەرامبەر تێکۆشانی نێلسۆن ماندێلا رابگرێت، دەوڵەتی تورکیش بە هەمان شێوە لە بەرامبەر بەرخودان و تێکۆشانی رێبەر ئاپۆ شکست دەهێنێت. ئەندێشەکانی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان نەک هەر تەنیا بۆ گەلی کورد بەڵکو بۆ هەموو گەلانی جیهان بووەتە هیوای رزگاری".

هـ . ب