بە دیمەن

لە لەندەن دۆسیەی پەیوەست بە ڕێبەری گەلی کورد پێشکەشی ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی کرا

کوردستانیان لە لەندەن پەیوەست بە گۆشەگیری ڕەهای سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دۆسیەیەکیان پێشکەشی ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی و بانگەوازیان کرد "گۆشەگیری قبووڵ ناکرێت، بکەونە جمووجوڵ".

بە پێشەنگایەتی مەجلیسی ژنانی ژیان لە لەندەن و تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕ، گۆشەگیریی ڕەهای ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە بەردەم بینای ڕێکخراوی لێبووردن لە لەندەن شەرمەزار کرا. هەروەها پارێزەری مافەکانی مرۆڤ مارگرێت ئۆوین بەشداری کرد و پشتگیری لە چالاکییەکە کرد.

لەو چالاکییەدا پانکارت و پۆستەری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان هەڵگیرا و دروشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "بەرامبەر گۆشەگیریی ڕەها بێدەنگ مەبن" بەرزکرایەوە.

ئەندامی مەجلیسی ژنانی ژیان بەرفین دێرسیم ڕاگەیاندراوێکی خوێندەوە ڕەخنەی لە هەڵوێستی یەکێتی ئەوروپا و کۆنسەی ئەوروپا گرت پەیوەست بە گۆشەگیری ئیمراڵی، گوتی: " دامەزراوەکانی وەک کۆنسەی ئەوروپا و یەکێتیی ئەورووپا تورکیا بە بەرپرسیار نازانن لە پێشێلکاریی جیددی مافەکانی مرۆڤ، وەڵامی جڤاکی نێونەتەوەیی بۆ ڕەوشی ئۆجالان بەس نەبوو. هەرچەندە قبوڵکراوە کە گۆشەگیری جۆرێکە لە ئەشکەنجەدان، بەڵام چاوپێکەوتن لەگەڵ پارێزەران و بنەماڵەکەی ئاستەنگ دەکرێت. هەروەها ئەمەش نیگەرانییەکان دەربارەی سەلامەتی و ئارامی وی زیاتر دەکات".

بەرفین ڕایگەیاند بۆ چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کورد پێویستە گۆشەگیری ڕەهای ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کۆتایی بێت و ئازادی وی مسۆگەر بکرێت، دووپاتی کردەوە دامەزراوە نێونەتەوەییەکان دژی گۆشەگیری ڕەها و ناڕەوا و ناکۆک لەگەڵ مافەکانی مرۆڤ، تێبکۆشن.

پاشان مارگرێت ئۆوین و نوێنەری کاروباری دەرەوەی مەجلیسی گەلی کوردی بەریتانیا عەگید کاراتاش ویستیان نامە دەربارەی ڕەوشی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بدەنە مێزی تورکیای ڕێکخراوی لێبووردن و بانگەوازیان کرد بۆ لێکۆڵینەوەی بەپەلە و بڵاوکردنەوەی لێکۆڵینەوەکە بۆ ڕای گشتی.

کارمەندانی ڕێکخراوی لێبووردن بە پاساوی ئەمنی لەپشتی دەرگای ئاسنەوە کۆبوونەوەکەیان قبووڵ کرد.

بەرپرسانی نووسینگەکە ڕایانگەیاند دەربارەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە تورکیا ئاگادارن و پەیوەست بە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان نامەیان بۆ سکرتێری نێونەتەوەیی ناردووە. شاندەکە ڕایانگەیاند هەرچەندە گۆشەگیری ئیمراڵی وەک "ئەشکەنجە" قبووڵ دەکرێت، بەڵام هەڵوێستی لاواز بەرامبەر دەوڵەتی تورک جێگەی ڕەخنەیە.

مارگرێت ئۆوین پاش کۆبوونەوەکە ڕاگەیاندراوی خوێندەوە و بانگەوازی لە جڤاکی بەریتانیا کرد خاوەنداری لە تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد بکەن. داوای کرد دامەزراوە نێونەتەوەییەکان بەتایبەت نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی ڕەوشی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕۆڵی چاودێری و چارەسەر ببینن.

لەسەر ناوی شاندەکە نوێنەری کاروباری دەرەوەی مەجلیسی گەلی کوردی بەریتانیا عەگید کاراتاش ڕایگەیاند پێویستە کورد و دۆستەکانیان لە چوارچێوەی هەڵمەتەکە لەبەردەم دامەزراوەکان درێژە بە چالاکییەکان بدەن، داوای لە دامەزراوە نێونەتەوەییەکان کرد ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ بکەن، گوتی: "تاکە هێزێک وەک گەل و تەڤگەر پشتی پێ ببەستین، ئیرادەی خۆمانە، پێویستە ڕێکخستنی جڤاکی و جمووجووڵی دیپلۆماسی لە تەواوی جیهان پێش بخەین".

بەبۆنەی ١٢ هەمین ساڵیادی ئێشکگری ئازادی، سڵاوی لە تەواوی چالاکییەکان کرد لە چوارچێوەی ئەم هەڵمەتەدا و داوای لە هەمووان کرد بە ڕۆحی سەفەربەرییەوە خاوەنداری لە هەڵمەتی ئازادی بکەن.

چالاکییەکە بە چەپڵە و درووشم کۆتایی هات.