سوپاى تورک ٣٠٠ زرێپۆشى هێناوەتە هەرێمى کوردستان

ڕێکخراوی CPTـی ئەمریکى لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردووتەوە، لەماوەی١٠رۆژی رابردوودا سوپای تورک ٣٠٠ تانک و زرێپۆشی هێناوەتە ناو هەرێمی کوردستان.

ڕێکخراوی CPTـی ئەمریکى لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردووتەوە، لە ماوەی ١٠رۆژى رابردوودا سوپاى تورک، لەو رێگا سەربازییانەی کە لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا دروستی کردوون لە ناو باشووری کوردستان، ٣٠٠ تانک و زرێپۆشی داخڵی گوندەکانی، ئورە، سەرەڕۆ، ئەرادنا، کێستە، چەلکێ و بابیرێ کردوون. جگە لەوەش لەنێوان گوندەکانی بابیرێ و کانی بەلاڤێ سنوورى بادینان خاڵێکی پشکنینی داناوە و رێگا بە تێپەڕبوونى هاووڵاتیان نادات.

 کامەران عوسمان، ئەندامی  تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی CPTـی ئەمریکى، پلانێکى سوپاى تورکیا بۆ داگیرکاریى زیاترى خاکى باشووری کوردستان ئاشکرا دەکات.

 کامەران عوسمان لە راپۆرتەکەدا ڕایگه‌یاند: "لە سێ رۆژدا نزیکەى هەزار سەربازى تورکیا لەنێوان مۆڵگە سەربازییەکانی لەشاخی باروخ و چیای مەتینا لە پشتی ناحیەی بامەرنێ هاتوچۆ دەکەن و لە ٢٥حوزەیرانەوە خاڵێکی پشکنینیان لەنێوان گوندەکانی بابیرێ و کانی بەلاڤێ جێگیرکردووە، ناسنامەی هاووڵاتیان کۆنترۆڵ دەکەن".

هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، "لە ئێستادا تورکیا دەیەوێت لە ناحیەی شیلادزێوە بۆ قەزای باتیفا هێڵێکی ئەمنی دروست بکات، هێڵەکە بە ناحیەی دێرەلووک و بامەڕنێ و بێگۆڤادا تێپەڕدەبێت، بەمەش هەموو گوند و شارەدێ و زنار و زەوی و دۆڵ و خاک و ئاوی پشتی ئەم هێڵە دەکەوێتە ژێر کۆنتڕۆڵی سوپای تورک ".