ناوەندەکانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی کەمترین رێژەی دەنگدانیان تێدا تۆمارکرا

لەو پارێزگایانەی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، کە ناوەند و چەقی خۆپیشاندانەکانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی بوون، کەمترین رێژەی دەنگدان تۆمارکرا.

رۆژی هەینی خولی چواردەهەمین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران بەڕێوەچوو، بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان رێژەی بەشداری لەو هەڵبژاردنە کەمتر لە سەدا ٤٠ بووە و بەهۆی ئەوەی هیچ یەک لە کاندیدەکان نەیانتوانیبوو زۆرینەی پێویستی دەنگی بەدەستبهێنن پرۆسەکە کەوتووەتە ٥ی تەمووز.

خاڵی جێگەی سەرنج کەمی بەشداریی لە دەنگدانە لەو پاڕێزگایانەی چەقی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی بوون.

وکە لە ئامارە فەرمییەکاندا هاتووە، پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان رێژەی بەشداری تیایدا لەسەدا ٢٣ بووە، ئەمەش لە سەر ئاستی ئێران کەمترین رێژەی بەشداری بووە، بە هەمان شێوەی لە پاڕێزگای کرماشانیش رێژەی بەشداری لەسەدا ٣٢ بووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە لە هەڵبژاردنی  ساڵی ٢٠٢١ دا لە سنە رێژەی بەشداری لەسەدا ٣٧ و لە کرماشانیش لەسەدا ٤٦ بوو.

هەرچی پارێزگای سیستان و بەلوچستانە کە ساڵی ٢٠٢١ رێژەی بەشداری لە هەڵبژاردن لەو پارێزگایە لەسەدا ٦٢ بوو، بەهۆی ئەوەی لە ساڵی ٢٠٢٢دا بووە ناوەندێکی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی، لەم ساڵدا رێژەی بەشداری هەڵبژاردن لەو پارێزگایە بۆ لەسەدا ٣٠ دابەزیوە.

پارێزاگای گیلانیش لە باکوری ئێران کە بە هەمان شێوەی یەکێک لە ناوەندەکانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی بوو، رێژەی بەشداری تیایدا لە سەدا ٣ بوو، ئەمەش لەکاتێکدایە بەر لە سێ ساڵ و لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماردا رێژەکە لەسەدا ٥٧ بوو.

بەهەمان شێوە لە پارێزگای گوڵستانیش کە ساڵی ٢٠٢١ رێژەی بەسداری لە هەڵبژاردن لەسەدا ٦١ بوو، ئەمساڵ رێژەکە بۆ لەسەدا ٣٦ دابەزیوە.

لە خوزستانیش رێژەی بەشداری لە هەڵبژاردن کە ساڵی ٢٠٢١ لەسەدا ٥٠ بوو، لەم هەڵبژاردنەی رۆژی هەینی هەینی ٢٨ی حوزەیران بەڕێوەچوو رێژەکە بۆ لەسەدا ٢٩ دابەزیوە.

لە شاری تارانیش جگە لە قەزا و ناحیەکانی دەوروبەری رێژەی بەشداری لە هەڵبژاردن لەسەدا ٢٣ بووە، ئەو رێژەیەش لەسەدا ٣ کەمترە لە رێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنەکەی ساڵی ٢٠٢١.

هـ . ب