دژی دەستبەسەراگرتنی شارەوانی جولەمێرگ لە دادگا داواکاری پێشکەشکرا

ئۆهەدە و کۆمیسیۆنی یاسایی دەم پارتی دژی دەستبەسەراگرتنی شارەوانی جولەمێرگ لە دادگای ئیداریی وان داواکارییان پێشکەش کرد.

کۆمەڵەی مافناسان بۆ ئازادی (ئۆهەدە) و کۆمیسیۆنی یاسایی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەستبەسەراگرتنی پۆستی هاوسەرۆکی شارەوانی جولەمێرگ محەمەد سدیق ئاکیش، لە دادگای ئیداریی وان داواکارییان پێشکەش کرد. دواتر لەبەردەم دادگا ڕاگەیاندراو خوێنرایەوە. هاوسەرۆکانی دەم پارتی و دەبەپەی شارەکە، هاوسەرۆکی گشتی ئۆهەدە ئەکین یەتەر، هاووتەبێژی کۆمیسیۆنی یاسا و مافەکانی مرۆڤی دەم پارتی سەڤدا ئۆزچەلیک بینگۆل، هاوسەرۆکی شارەوانی وان نازلیهان شەدال، سەرۆکی سەندیکا یاساییەکانی وان و جولەمێرگ و چەندین کەس بەشداربوون.

"ئیرادەی گەلی کورد زەوتکراوە"

هاوسەرۆکی گشتی ئۆهەدە ئەکین یەتەر ڕایگەیاند بە دانانی قەیوم ئیرادەی گەلی کورد زەوتکراوە، دانانی قەیوم لە هیچ پێوەرێکی یاسایی و پەیمانێکی جڤاکی جێی نابێتەوە، گوتی: "ئێمە دۆزێکی ئیداری و یاساییمان کردەوە. لە دۆزەکەدا گوتمان، ئەم بڕیارە دژی مەرجەکانی بەڕێوەبردنی هەرێمی ئەوروپا و ئەو پەیماننامە نێونەتەوەییانەیە کە تورکیا واژۆی کردوون، هەروەها ناکۆکە لەگەڵ ڕێساکانی بەڕێوەبردنی هەرێمی. دانانی قەیوم، بێجگە لە تاڵان و نکۆڵی و چەوسانەوە، هیچ شتێکی تر نییە. بۆیە بەلای گەلەوە هیچ ڕەوایەتیەکی نییە".

هاووتەبێژی کۆمیسیۆنی یاسا و مافەکانی مرۆڤی دەم پارتی سەڤدا ئۆزچەلیک بینگۆل ڕایگەیاند ئەم زەوتکردنی ئیرادەیە قبووڵ ناکەن و لەلایەنی سیاسی و جڤاکییەوە تێدەکۆشن.

سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی جولەمێرگ، ئەرگون جانان بڕیاری دانانی قەیومی بە نایاسایی و ناهەق ناوبرد و ڕایگەیاند بۆ کۆتایهێنان بەم سەپاندنە نایاساییانە چوونەتە دادگا.

"لەڕێگەی قەیومەوە پاشەڕۆژی مناڵان تاریک دەکەن"

 سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی وان، سینان ئۆزاراز ڕایگەیاند گەلی کورد لە هەموو هەڵبژاردنێک ئیرادەی خۆی پیشانداوە، بەڵام دەسەڵاتی سیاسی لەپێناو بەرژەوەندییەکانی لەبری ڕێزگرتن لەم ئیرادەیە، ئەم ئیرادەیە پشتگوێ دەخات، گوتی: "لەڕێگەی قەیومەوە پاشەڕۆژی مناڵەکانمان تاریک دەکەن، مافە دەستوورییەکان پێشێل دەکرێن و ئەم سەپاندنە هیچ سوودێکیان بۆ گەل نییە. وەک سەندیکای پارێزەرانی وان، دژی ئەم ناهەقییە خاوەنداری لە ئیرادەی گەلەکەمان دەکەین".