ڤیان تەکچە لەگەڵ ئیمام ئۆغلو کۆبووەوە: قەیوم بۆ هەموومان مەترسییە

سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبوڵ ئیمام ئۆغلو لە سەردانی هاوسەرۆکی شارەوانی جولەمێرگ ڤیان تەکچە، گوتی: "پرسی قەیوم بۆ هەموومان مەترسیدارە".

هاوسەرۆکی شارەوانی جولەمێرگ ڤیان تەکچە و شاندێکی یاوەری لەگەڵ سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبوڵ ئەکرەم ئیمام ئۆغلو کۆبووەوە. هاووتەبێژی کۆنگرەی دیموکراتیکی گەلان (هەدەکە) ئەسەنگول دەمیر و بەڕێوەبەرانی دەم پارتی لە ئیستنەبوڵ یاوەری ڤیان تەکچە بوون. ئەکرەم ئیمام ئۆغلو پێشوازی لە ڤیان تەکچە و شاندی یاوەری کرد.

ڤیان تەکچە ڕایگەیاند گرتنی هاوسەرۆکی شارەوانی جولەمێرگ محەمەد سدیق ئاکیش بڕیارێکی سیاسییە، لەم ڕووەوە پشتگیری شارێکی وەک ئیستەنبوڵ گرنگە، ڕایگەیاند بە دانانی قەیوم ئیرادەی گەل پشتگوێ خراوە، داوای لە ئیمام ئۆغلو کرد دەستبەسەراگرتنی ئیرادەی گەل بهێنێتە ڕۆژەڤی گەل.

ئیمام ئۆغلو دانانی قەیومی شەرمەزار کرد و بە کارێکی ناڕاست دایە قەڵەم، ڕایگەیاند وەک سەرۆکی یەکێتی شارەوانییەکانی تورکیا ئەم ڕەوشە دەکاتە ڕاپۆرتێک و پێشکەشی ئەنجوومەنی دەکات، گوتی: "پرسی قەیوم بۆ هەموومان مەترسییە، ئەگەر ئەم کارانە بەردەوام بێت، لە تورکیا شتێک بە ناوی دیموکراسی نامێنێت".