دووەمین دۆزی کۆبانێ دەستی پێ کرد

یەکەمین دانیشتنی "دووەمین دانیشتنی دۆزی کۆبانێ" دەربارەی ٥ پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە دەستی پێ کرد.

دووەمین دۆزی کۆبانێ

لەنێوان ٦-٨ ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤ دژی هێرشی داعش بۆ سەر کۆبانێ چالاکی ناڕەزایەتی دەستی پێ کرد. دادگاییکردنی بەڕێوەبەرانی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) بەهۆی ئەم چالاکییانەوە بەردەوامە. بە پاساوی ئەم چالاکییانە، دۆزێک دەربارەی پەرلەمانتارانی پێشووی هەدەپە هودا کایا و سەرپل کەمالبای و فاتمە کورتولان و پەرۆ دوندرار و گارۆ پایلان کرایەوە. دانیشتنی یەکەمی دۆزەکە دەستی پێ کرد. دانیشتنەکە لە ٢٢ هەمین دادگای سزای قورسی ئەنقەرە لە کەمپی زیندانی سینجان بەڕێوەدەچێت. هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری، پەرلەمانتار و ئەندامانی کۆنگرەی ئیسلامی دیموکراتیک (دیک) لە دانیشتنەکە ئامادەبوون.

زیندانیکراوی سیاسی هودا کایا لە زیندانی سینجان لەڕێگەی سیستەمی دەنگ و دیمەنەوە بەشداری دانیشتنەکە بوو.

"پەنا بۆ درۆ نابەین"

لە دانیشتنەکەدا دادگا ئەو تۆمەتانەی وەبیرهێنایەوە کە لە تۆمەتبارکردنەکەدا خراونەتەڕوو. پاشان سیاسەتمەدار هودا کایا قسەی کرد. کایا گوتی: "ئەم تۆمەتبارکردنە وەک کۆپییەکی خراپی تۆمەتەکانی پێشوو هاتە بەرچاوم. لەسەر ئەو قسانەی کە هیچ سووکایەتییەکیان تێدا نییە، دادگایی دەکرێم. هەمیشە لە وتەکانمدا خواستی ئاشتی و یەکسانی هەیە. بەڵام ئەم وتانە بۆ تۆڵەسەندنەوە هێنراونەتە پێشم. ئەگەر بە تەنیاش بمێنینەوە، هەرگیز پەنا بۆ درۆ نابەین".

هودا کایا ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر ئەوەی، بانگەوازی هاوکاریکردن بۆ ڕزگارکردنی بریندارانی ڕووداوەکەی جزیرە خراوەتە نێو دۆسیەکەوە.

پارێزەر زیلان لەڤەنتۆغلو تیشكی خستەسەر قۆناغی نێوان ساڵانی ٢٠١٣-٢٠١٥ و ڕایگەیاند ١١ ساڵ بەسەر ئەو قۆناغە تێپەڕیوە. دووپاتی کردەوە، ئاکەپییەکانی ئەو قۆناغە لەبەرامبەر تاوانەکانیان دادگایی ناکرێن، بەڵام سیاسەتمەدارانی هەدەپە دادگایی دەکرێن.

دادگا دانیشتنەکەی دواخست.