چالاکیی "ئێشکگریی ئازادی" لەلایەن دەستەیەک لە درانسییەوە درێژەی پێدەدرێت

چالاکیی ئێشکگری بۆ ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا لەلایەن دەستەیەک لە کوردستانیانی شاری درانسییەوە لە دەستەی پێشووی ئێشکگر وەرگیرا و درێژە بە چالاکییەکە دەدەن.

"ئێشکگریی ئازادی" لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا ئەم هەفتەیە لەلایەن کوردستانیانی ناوچەی درانسیی شاری پاریسی پایتەختی فرەنساوە بەڕێوەدەچێت.

"ئێشکگریی ئازادی" بۆ ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە ٤٥٤هەمین هەفتەدایە. ئێشکگریی ئەم هەفتەیە لەلایەن ٣ کوردی درانسی لە چالاکوانە ئێشکگرەکانی پێشوو وەرگیرا و درێژە بە چالاکییەکە دەدەن و بریتین لە، وەدات چەلیک، سولەیمان کورەن و بولەند ئامەد.

وەدات چەلیک بە ناوی دەستەکەیانەوە وتەیەکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، گەلی کورد زیاتر لە ٤٠ ساڵە بۆ هەبوونی خۆی تێدەکۆشێت و تاوەکو ئێستا بەردەوامە لە تێکۆشانە سەرکەوتوانەکەى بۆ ئازادی.

وەدات چەلیک راشیگەیاند، "رێبەر ئاپۆ لە پیلانگێڕییەکی نێونەتەوەییەدا رادەستی دەوڵەتی تورک کرا. ئەگەر تا ئێستا ئازاد نەبووە ئەوە بۆ گەلی کورد وهەموو مرۆڤایەتی شەرمە، عەبدوڵا ئۆجالان کلیلی چارەسەریی کێشەى کوردە و دەبێت بە خێرایی ئازاد بکرێت".

چەلیک ئەوەشی راگەیاند، گەلی کورد ماوەى ٩ ساڵە لە بەردەم رێکخراوەکانی ئەوروپادا هەوڵ دەدات کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی تورک لە دژی کوردان راوەستێنێت، بەڵام ئەوروپییەکان تاوانەکانی دەوڵەتی تورک لە دژی کوردان نابینین و لە بری مافەکانی مرۆڤ و ئازادی گرنگی بە بەرژەوەندییە بازرگانییەکانیان دەدەن.

چەلیک سڵاوی لە چالاکیی مانگرتنی زیندانیانی سیاسی کرد، کە لە دژی گۆشەگیری بەڕێوەی دەبەن و وتی، گۆشەگیری تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە و دەبێت سی پی تی بە خێرایی دەستبەکار ببێت و بە ئەرکەکانی خۆی هەستێت. چەلیک ئەوەشی وت، تاوەکو عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد ئازاد نەبێت و گەلی کورد مافە بنەڕەتییەکانی بەدەست نەهێنێت تێکۆشانەکەمان بەردەوام دەبێت.

چەلیک وتیشی، بەبێ تێکۆشان هیچ شتێک بە دەست نایەت و داوای لە گەلی کورد کرد لە هەموو شوێنەکاندا راپەڕن و بە خێرایی بەشداری تێکۆشان ببن.

چالاکیی "ئێشکگریی ئازادی" ماوەى ٩ ساڵە لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا بەڕێوەدەچێت. درێژماوەترین چالاکیی مێژووی کوردە لە ئەوروپا. لە چالاکییەکەدا لەبارەی ژیان، تێکۆشان و ئایدۆلۆژیای عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بڵاوکراوە و نامیلەکە بەسەر هاووڵاتییانی ئەوروپا، پەرلەمانتاران، کەسایەتییەکان و چالاکواناندا بڵاودەکرێتەوە. چالاکییەکە هەموو رۆژێک لە کاتژمێر ٠٨:٠٠ ی بەیانی تاوەکو ١٧:٠٠ی ئێوارە بەڕێوەدەچێت.

ژ.ت