چالاکییەکانی ئێشکگری دادپەروەری بەردەوامە

ئێشکگری دادپەروەری بە داخوازی ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری پرسی کورد، لە چەند شارێک بەردەوامە.

خزمی زیندانیان و دایکانی ئاشتی بە داخوازی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" ئێشکگری دادپەروەریان دەست پێ کرد، چالاکییەکە لە شارەکانی ئامەد و وان و ئیستەنبوڵ و مێردین و ئەزمیر بەردەوامە. . لە چالاکییەکاندا درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "بێ سەرۆک ژیان نابێ" و "بژی بەرخۆدانی زیندان" و "ژن، ژیان، ئازادی" بەرزکرایەوە، دایکان یەلەکیان پۆشی و لەسەر نوسرابوو "گۆشەگیری تاوانێکی دژی مرۆڤایەتییە".

لە چالاکییەکەی ئامەد کە ١١٣ ڕۆژە بەردەوامە، خزمی زیندانی مەریەم توران گوتی: "وەک دایکان تا هەڵگرتنی گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئاپۆ، بەرخۆدان دەکەین. داوا لە هەموو دایکان دەکەین بەتایبەت دایکی زیندانیان، پشتگیری لە چالاکییەکە بکەن. تا ئەم گۆشەگیرییە بەردەوام بێت ئێمە ئارام نابین. ئێمەش لە ماڵەکانی خۆمان لە گۆشەگیریداین. تا داخوازی ئێمە، هەڵگرتنی گۆشەگیرییە. تەنها ئەوکاتە ئارام دەبین و دەگەڕێینەوە ماڵەکانمان".

لە چالاکییەکەی وان کە ١٠٩ ڕۆژە بەردەوامە، یەک لە دایکان کەوێ ئیشک گوتی: "ڕۆڵەکانمان ١٢١ ڕۆژە لە زیندان مانیان لە خواردن گرتووە. ئەم گۆشەگیریە لەسەر ڕۆڵەکانمان و گەلی کورد بەڕێوەدەچێت. داوای پشتیوانی لە هەموو مرۆڤێکی بە ویژدان دەکەم. تا گۆشەگیری سەر بەڕێز ئۆجالان هەڵنەگیرێت، گۆشەگیری سەر زیندانیان هەڵناگیرێت. تاکە ڕێگەی ئاشتی، کۆبوونەوەیە لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان. پێویستە دەمودەست کۆبوونەوە بکرێت".